ئەحمەد عەبدوڵڵا: خولی كوردستان زۆر رێك و پێكە لە رووی بەڕێوەبردن و چارەسەرەكردنی كێشەو گرفتەكان

ئەحمەد عەبدوڵڵا:  خولی كوردستان زۆر رێك و پێكە لە رووی بەڕێوەبردن و چارەسەرەكردنی كێشەو گرفتەكان
لە ئێستادا ئاستی ناوبژیوانانی كوردستان رۆژ بە رۆژ لە بەرەو پێشچوونە بەهۆی ئەو گرنگییەی كە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە ناوبژیوانانی دەدات لەم ناوەشدا چەندین ناوبژیوانی ئاست بەرز هەن كە لە ئێستادا ئاستیان لە نێودەوڵەتی نزیكەو هەوڵیش بۆ بەنێودەوڵەتی بوون دەدەن بەهۆی بەرزیی ئاستیان لە خولەكانی كوردستان و عێراق كە بوونەتە مایەی سەرنجی یەكێتییەكانی تۆپی پێ،یەكێك لەم ناوبژیوانانە ئەحمەد عەبدوڵلا ناوبژیوانی پلە یەكی عێراقی و كوردستان بەردەوام لە خولەكانی كوردستان و عێراق دەیبینین بەهۆی ئاستی بەرزی خۆی بۆتە مایەی سەرنجی هەموولایەك، ئەحمەد عەبدوڵلا ناسراوە بەشێح ئەحمەد لە ئێستادا قوتابی دكتۆرایە بۆئەوەی بتوانێت دكتۆراكەی تەواو بكات ناوبراو لەدایكبووی شاری هەولێرە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.

* چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ناوبژیوانی كوردستان بەرز بێتەوە؟
-پێكهێنانی چەندین لێژنە لەناو لێژنەی ناوبژیوانان وەك لێژنەی تایبەت بە توانای جەستەیی – لێژنەی تایبەت بە شیكردنەوەو ڕاڤەكردنی یاسا-وانەبێژی-كەمپەكان تا دوایی، لەگەڵ پشتگیریكردنی ناوبژیوانان لەرووی دارایی و دەروونییەوە.
* یانەكانی كوردستان لە كاتی شكست زۆرجار گلەیی ئەوە دەكەن كە ناوبژیوانان هۆكارن بۆ بەشێك لە شكستەكانیان ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن ؟
- ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕازی نەبوون بە دۆڕاندن هەموو تیپەكان تەنها بردنەوەیان دەوێت جا ئەگەر پێچەوانە بێت بۆ خۆ رزگاركردن لە هۆكاری دۆڕان دەیخەنە ئەستۆی ناوبژیوانان ئەمەش لەكەمی هۆشیاری و رۆشنبیری وەرزشیە، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر واش بێت دەبێت بە گیانێكی وەرزشی قەبوڵی بكەن چونكە ناوبژیوانیش وەك یاریزانان مرۆڤە و توشی هەڵە دەبێت.
* لە هەردوو خولی كوردستان و عێراق بەشدارن وەكو ناوبژیوان كامیان بەهێزترو بێ كێشەترە.
- من زۆر جار دەیڵێم خولی عێراق تەنها لە رووی رۆشنبیریی یاریزانان بە یاساو بنەماكانی وەرزش و گرنگی پێدانی میدیاكانەوە لە خولی كوردستان باشترە،ئەگەرنا خولی كوردستان زۆر رێك و پێكە لە رووی بەڕێوەبردن و چارەسەرەكردنی كێشەو گرفتەكان.
* لەم ماوەیەدا كێشەت بۆدروست بووە لەگەڵ لقی ناوبژیوانانی هەولێر، هۆكاری چییە؟
-بەڵێ من لەئەمڕۆوە كێشەم نەبووە بەڵكو لە دوای نەمانی لێژنەی ناوبژیوانانی ساڵی 2005 من رۆژانە كێشەم هەیە، من خودی خۆم هیچ كێشەیەكم نییە لەگەڵ كەس، بەڵام هەمیشە كێشەم بۆ دروست دەكرێت،هیچ بیانوویەكیش نییە تەنها ئەوە نەبێت كەمن ناچم بۆ مەشق كە ئەمەش هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە چونكە بە درێژایی بوونم بە ناوبژیوان هەمیشە لەو ناوبژیوانانە بوومە كە ئاستی بەرزم بە دەستهێناوە لە توانای جەستەیی كە چەندین بەڵگەم هەیە لە رۆژنامەكان، بەڵام دیارە ئەو سولتەدەسەڵاتی ئەم لێژنەیەی بێ هەڵبژاردن وەرگرت، دەیەوێت من لە بواری ناوبژیوانی دوور بخاتەوە و چەندین هەوڵیدا بە تەلەفۆن بە نووسراو بۆ بەغدا، بەڵام هیچیان سەركەوتوو نەبوون بۆ ئەوەی بە یەكجاری من دوور بخاتەوە،تەنها بووە هۆكاری ئەوەی ساڵانە من 5-10 ئەركی ناوبژیوانیم لە دەست بڕوات لە یارییەكان.
*ئایا تەنها تا ئێستا تۆ ئەم كێشەیەت بۆ دروست بووە لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانەوە؟
-نەخێر من یەكەم ناوبژیوان نیم توشی ئەم گرفتە بووبم، بەڵام من یەكەمیان بوم بۆم دروستبوو تا ئێستا چەندین ناوبژیوان بەرگەیان نەگرت ئەم بوارەیان بە ناخۆشی بە جێهێشتووە،پێش منیش هەردوو ناوبژیوان ئارام ئەنور و كاروان سەباح ئەم لیژنەیان جێهێشت. پێت ڕابگەینم بڵێم نابێت بڵێیت لێژنە چونكە لیژنە لە چەند كەسێك پێك دێت، بەڵام لە هەولێر ئەمە بۆ نۆ ساڵ دەڕوات تەنها یەك كەسە هیچ كەس مافی قسەو بیرو بۆچوونی پێچەوانەی سەرۆكی نییە.
* ئایا یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لە م كێشانە دەوری چی بووە ؟
- بە سوپاسەوە بۆ یەكێتیی تۆپی پێی ناوەندی كوردستان كە بۆیان دەركەوت ڕاستییەكان من و زۆربەی ناوبژیوانەكانی دیكە پشتگیریمان لێكرا، ئێستاش ئەوان دەورێكی زۆر ئیجابیان هەیە لە جیاتی ئەوەی ئێمە لە ناوبژیوانی واز بێنێن بەهۆی زولمی لێژنەی ناوبژیوانان بڕیارێكیان دەركرد بۆ ئێمە، كە ئێمە ڕاستەوخۆ سەر بە لێژنەی ناوبژیوانانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بین.
* با بێینە سەر پاڵەوانییەتی ڤیڤا چۆن بوو ئەحمەد عەبدوڵڵا كە لەخولی بژاردەی عێراق ناوبژیوانی دەكات لەم پاڵەوانییەتە گەورەیە ون بوو، هۆكاری چی بوو؟
- لە هەندێ كاردا وەك رێزێك بۆ یەكێتی تۆپی پێی شارەكان یەكێتی ناوەندی ئەركیان پێ دەدا بۆ بەشداربوون و دەست نیشانكردنی ناوبژیوانان بۆ كەمپ و خولەكان یا بۆ دەستنیشانكردنی باشترینەكان، جا بەحوكمی ئەوەی لێژنەی ناوبژیوانان یەك كەسە و هەر ئەم كەسەش یەكێتیی تۆپی پێی هەولێر بەڕێوەدەبات بۆیە من تەنیا بۆ لێپرسینەوە لەم لێژنەیە وەك ناوبژیوان حیسابم بۆ دەكرێت، ئەگەرنا لە هەموو شتێك بێ بەشم و بە وتەی خۆی هەریەكێك سەرۆك لیژنە بێت پێڕی خۆی دادەنێت، بۆیە ئەویش لەم پاڵەوانییەتییە پێڕی خۆی دانا، كە یەكێكیان ناوبژیوانی ناوەڕاست بوو، بە یاریدەدەری نووسی تەنیا بۆ ئەوەی بچێت بۆ خولەكە.بۆیە من داواكارم لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لەبەر نەبوونی دادپەروەری هیچ دەسەڵاتێك نەدەنە لێژنە و یەكێتییەكان بۆ ئەوەی مافی هەندێ كەس نەخورێت.
*بیرت لەوە نەكرۆدتەوە ببیتە ناوبژیوانی جیهانی؟
- من لە ساڵی 2006 ناوم لەو لیستەدا بوو كەببم بە ناوبژیوانی نێو دەوڵەتی بەڵام دیارە هەموو شتێك قسمەتە، بۆیە لەم ساڵەدا یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بڕیاری كەمكردنەوەی ژمارەی ناوبژیوانانی نێو دەوڵەتی دا بۆیە شەشی یەكەم بوونە نێودەوڵەتی، بەڵام بەداخەوە ساڵی دواتر هاوڕێیانی من هەموویان بوونە نێو دەوڵەتی من هیچم بۆنەكرا، بۆیە تەنها دەڵێم چۆن پێشینان دەلێن دار كرمی لەخۆی نەبێت تەمەنی هەزار ساڵ دەبێت.
Top