دوای ئەوەی سەمەد جەوهەر ڕاهێنەری لاوی بەتوانای شاری هەولێر بەر لە كۆتایی هاتنی یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان لە دوای شەش ساڵ كاركردن لەگەڵ یانەی هەندرێن و بەدەست هێنانی چەندین نازناوی لەگەڵ ئەو یانەیە، دوای دەست بەرداربوونیشی لە یانەی هەندرێن چەندین یانە پەیوەندی بە كاپتن سەمەد جەوهەر دەكەن بۆسەرپەرشتی كردنی تیپەكانیان لە خولەكانی كوردستان، دوای چەندین كۆبوونەوەو گفتو گۆ لە نێوان سەمەد جەوهەر و یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆئەوەی وەكو ڕاهێنەری یانەكە دەست بەركاربێت لەداهاتوودا، ئێوارەی رۆژی هەینی هەردوو لا بە شێوەیەكی فەرمی گەیشتنە رێكەوتن بۆئەوەی سەرپەرشتیی مەشقی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بكات لە وەزری داهاتووی خولی نایابی كوردستان،لەم بارەشەوە سەمەدجەوهەر ڕاهێنەری نوێی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: دوای كۆبوونەوەم لەگەڵ دەستەی كارگێڕیی یانەی پێشمەرگە و گفتوگۆمان كرد دواتریش گەیشتینە رێكەوتن بەشێوەیەكی كۆتایی، وتیشی دەستەی كارگێڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر هەموو پشتگیری و پاڵپشتییەكی خۆیان بۆمن دووبارە كردۆتەوە بۆئەوەی بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەگەڵ یانەی پێشمەرگە لەم وەرزە بەدەست بهێنین، وتیشی گرێبەستی من و یانەی پێشمەرگە بۆماوەی یەك وەرزە و بڕی گرێبەستەكەم 30ملیۆن دینارە لەگەڵ موچەیەكی مانگانە زیاتر لە یەك ملیۆن دینار وەردەگرم، گوتیشی دەستەی كارگێڕی یانەكە دەسەڵاتی تەواوییان پێ داوم بۆئەوەی هەر گۆڕانكارییەك لە یانەی پێشمەرگە بكەم، منیش لە ئێستاوە هەوڵ دەدەم باشترین پێكهاتە بۆ یانەكە دەست نیشان بكەم وبڕیاری ئەوەشمانداوە كە پەیوەندی بە چەند یاریزانێكی باش بكەین بۆئەوەی بیانهێنینە ریزی یانەی پێشمەرگە، ڕەنگە پێنج یاریزان بهێنین و مەرج نییە هەمووی لە شاری هەولێر بێت.