یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی فیفا ناوی 10 ناوبژیوانی ئاشكراكرد كەیارییەكانی جامی كیشوەرەكان بەڕێوەدەبن كە یارییەكانی لە رۆژی 15/6/2013 لەوڵاتی بەرازیل دەست پێدەكات، لە سەرووی لیستەكەی فیفا ناوی ناوبژیوانی ئینگلیزی هاوارد ویب دێت كە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2010ی لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هۆڵەندا بەڕێوەبرد، هەروەها سێ ناوبژیوانی ئەوروپی دیكە دەست نیشانكراون كە بریتین لە ناوبژیوانی هۆڵەندی بیۆرن كۆپیریز و ناوبژیوانی پورتوگالی پیدرۆ پرۆینكا و ناوبژیوانی ئەڵمانی فیلیكس بریش، هەروەها لە كیشوەری ئاسیاش ناوبژیوانی ئۆزبەكستانی رافشان ئەرماتۆڤ و ناوبژیوانی ژاپۆنی بۆیتشی نیشیمۆرا دەست نیشانكراون، لە ئەفریقیاش ناوبژیوانی جەزائیری جەمال حەیمودی و لەكیشوەری ئەمریكای ناوەراست ناوبژیوانی سەلڤادۆری ئەنتۆنیۆ ئەگویلار و لەكیشوەری ئەمریكای باشووریش هەردوو ناوبژیوانی ئەرژەنتینی دییگۆ هێرنان ئەبال و ناوبژیوانی چیلی ئەنریكی رۆبەرتۆ ئەسیس دەست نیشانكراون . جگە لەم ناوبژیوانانە 20 یاریدەدەری ناوبژیوانیش دەست نیشانكراون، سەرجەم ئەو ناوبژیوانانەش لەژێر سەرپەرشتیی ناوبژیوانی پێشووی سویسری ماسیمۆ پۆساكا سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا رێنماییەكان وەردەگرن، پۆساكا ئەوەشی روونكردەوە كەئەم ناوبژیوانانە پاڵێوراون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكانی مۆندیالی 2014. لەلایەكی دیكەوە فیفا ئەوەشی راگەیاند لەیارییەكانی جامی كیشوەرەكانی 2013 تەكنەلۆژیای هێلی گۆڵ بۆ یەكەمجار بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی هەڵەی ناوبژیوانان كەمبكرێتەوە . یارییەكانی جامی كیشوەرەكان لەشەش یاریگای بەرازیل بە بەشداری هەڵبژاردەكانی بەرازیل و ئیسپانیا و ئیتالیا و ئۆرگوای و ژاپۆن و نایجیریا و مەكسیك و تاهیتی ئەنجام دەدرێت .