سوبحی كامل وەرزشـوانی دێرینی شاری دهۆك: پێویستیمان بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەیە

سوبحی كامل وەرزشـوانی دێرینی شاری دهۆك:  پێویستیمان بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەیە
سوبحی كامل یەكێكە لە وەرزشوانە دێرینەكان كە ماوەی پتر لە 25 ساڵە لە خزمەتی وەرزشی شاری دهۆكدایە، چ لە رووی كارگێڕی یان لە رووی ناوبژیوانییەوە كە هەمیشە لەنێو یاریگاكاندا دەبینرێت و خزمەت دەكات ئێستاش ئەندامی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستانە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
*ئەگەر كورتییەك لە باسی ژیان و خۆ ناسینی خۆت بۆخوێنەران بكەیت؟
- من سوبحی كامل رەئوفم لەدایكبووی ساڵی 1955 ی شاری ئاكرێ، سەرەتای ئاشنا بوونم لەگەڵ وەرزش لە قوتابخانەكان بوو لە شاری موسڵ، دواتریش ماڵمان چووە شاری بەغدا و تیپێكم هەبوو بە ناوی ئەنساری زەورا، چونكە من هاندەری یانەی زەورا بووم بۆیە ئەم ناوەم لێنابوو.
*چ ساڵێك ڕووت كردە بواری ناوبژیوانی كرد؟
- لە سەرەتای 1978-1979یەكەم دامەرزاندنم لە شاری دهۆك بوو بۆیە تیپەكەم لەوێش دروست كرد بەردەوام تیپم هەبووە تا ساڵی 1982 ڕووم لە بواری ناوبژیوانی كردو بوومە ناوبژیوانی پلە سێ و بەردەوامیش بووم لە وەرزش كردن و لە تیپە میللیەكانیش یاریی تۆپی پێم دەكرد.
*بۆچی لەگەڵ یانەی دهۆك یاریت نەكردووە؟
-ئەوەی ڕاستی بێ تەمەنی من لەگەڵ یانەكە وەكو یاریزان بۆماوەی یەك هەفتە لە یانەی دهۆك بوومە، ئەوكات (نەمد مەحمود)ڕاهێنەری یانەی دهۆك بوو، ئاستی منیش ئەو ئاستە نەبوو كە لە یانەكانی یاری بكەم، بەڵام ناوبژیوانییەكە بۆمن زۆر باش بوو، ساڵی 1984بوومە ناوبژیوانی پلەدوو، ساڵی 1986خولی ناوبژیوانی بۆبوونە پلە یەكەمان هەبوو خولێكی زۆر گرنگ بوو، توانیم پلەی نایاب بەدەست بهێنم و ببمە ناوبژیوانی پلە یەك، ناوبژیوانی خولی پلە یەك زۆر گرنگ بوو ئەوكات چونكە ناوبژیوان كەم بوون، دواتریش ڕووم لە كاری كارگێڕی كرد لە یانەی دهۆك،من بۆماوەی 25ساڵ لەخزمەتی یانەی دهۆك بووم تا وازهێنانی من لە ساڵی 1998لە یاری نێوان دهۆك و زەورا من وازهێنانی خۆم لە وەرزش ڕاگەیاند وەكو ناوبژیوان جەماوەرێكی یەكجار زۆر بوومن هاتبوون و هاندەران لەگەڵ من دەگریان من تەنیاناوبژیوان بووم لە دهۆك پلە یەك بووم، دكتۆر كامەرانیش ناوبژیوانی پلە دوو بووو جەمیل خدریش ناوبژیوان بوو.
*جیاوازی لە نێوان وەرزشی دوێنی و ئەمڕۆ لە چیدا دەبینیت ؟
- ئەوكات كە ئێمە وەرزشوان بووین لەسەر گیرفانی خۆمان بووین، هەموو شتێكمان لەسەرخۆمان بوو،هێنانی یاریزان و بردن هەمووی لەسەر خۆی بوو، كەچی ئێستا هاوكاری كردنی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر گەورە پشتگیری هەیە لە هیچ شوێنێك نییە ئەم پشتگیرییە.
*ئێستا ئاستی وەرزشی كوردستان چۆن دەبینیت؟
-ئاستی وەرزشی یەكجار باشە لە شارەكانی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە یانەكانمان لە خولی بژاردەی عێراقن ئەوەش بەڵگەیە بۆقسەكانم، خولی عێراق هەندێك كێشەی هەیە وەكو كێشەی دواخستن و چەند كێشەیەكی دیكە، بەڵام لەخولی كوردستان كێبڕكێی بەهێز هەیە لەنێوان تیپەكان و تائێستاش چارەنووسی تیپەكان دیار نییە.
*بە بۆچوونی تۆ كێشەی وەرزشی كوردستان لە چیدایە؟
-پێمان خۆشە ئێمە پشت بە یاریزانانی خۆمان ببەستین، هەر چەندە پیشەگەریی هەیە ئێمە ناڵێین با یاریزان نەێت بەڵام نەك بەم شێوەیە ئێمە پێویستمان بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەیە، ئەو یاریزانانەی كە لە كوردستان هەن لە هیچ شوێنێك نین و ئەگەر ئەم قوتابخانەیەش هەبێت هەتا دە ساڵی دیكە كوردستان پێویستی بە یاریزان نابێت.
* جەنابت خەڵكی ئاكرێیت بۆچی هەوڵت نەداوە تیپێكی بەهێز بۆیانەی ئاكرێ دروست بكەیت یان خزمەتی ئەو یانەیە بكەیت؟
- من مۆڵەتی یانەم بۆئاكرێ وەرگرت لە شاری بەغداد بە هێزو بازووی خۆم، ئەو كاتیش قسەم كرد و وتم كە بەرپرسم و كارەكەشم بەتەواوی جێبەجێ كرد، بەڵام گۆڕانكاریی ئیداری لە شاری ئاكرێ و گۆڕینی ڕاهێنەر وای لە یانەكە كرد دابەزێت بۆخولی پلە دوو.من كاریشیان بۆدەكەم و پێویستە بەرپرسانیش هاوكاریی وەرزشی شاری ئاكرێ بكەن چونكە ئاكرێ بووكی كوردستانە، گرنگی زۆر بەم شارە بدەن.
*پاش 25ساڵ خزمەت كردن لە یانەی دهۆك بۆچی بڕیاری وازهێنانت دا لە یانەكە؟
- من لە یانەكە نەڕۆیشتووم هەر لە یانەی دهۆك بەردەوامم، بەڵام پێش دووساڵ دەستم لە كار كێشایەوە لە یانەكە، هەندێك كاری ناوەرزشی رووی دا لە نێوان ئێمەو زاخۆ یاریمان هەبوو بە شێوەیەكی گشتی بە كۆمەڵ وازمان هێنا، من بەردەوام لە ناو دهۆكم و بۆ هەموو یارییەكان دەچمە بەغدا و یانەی دهۆك ماڵی دووەمی ئێمەیە.
*خۆشترین و ناخۆشترین یادەوەریت لە ناوبژیوانیی لە ماوەی ڕابردوودا؟
- خۆشترین یادەوەری ئەوە بوو كە من یاریدەدەری ناوبژیوان بووم لە یاریی نێوان زەورا و ئەمانە، عادل قەساب ناوبژیوانی یەكەم بوو، بووە كێشە، من بە یاریزانێكم وت خولەكی نۆهەتە كەی گۆڵ دەبێت ئەوكاتەش زەورا گۆڵی كرد منیش تۆزیك ئاڵاكەی دەستم بەرز كردوە، عادل قەساب وتبووی سوبحی لە خۆشی زەورا چواردەوری یاریگای كردووە، ناخۆشترین یارییش لە نێوان هەولێرو سلێمانی بوو لە شاری سلێمانی، هەولێر یارییەكەی بردەوە و بووە شەڕ،ئێمەش بۆماوەیەك لە ناو یاریگا ماینەوە.
*پێشتر وەرزشوانانی دێرین مووچەیەكیان وەردەگرت دوایی بڕا ئێستا ڕەنگە بگەڕێتەوە، داواكاریت بۆ لایەنی پەیوەندیدار چییە؟
- داواكارم كە وەرزشوانانی دێرین خزمەتیان كردووە، بۆیە مووچەكانیان بۆ بگەڕێتەوە، بەرێوەبەرایەتیی وەرزش ولاوانیش خزمەتی باشیان كردووە.
*وەرزشوانە دێرینەكانی كاتی خۆی كێ بوون لەگەڵ ئێوە؟
-حەمید مەحمود و رەشید تۆفیق و شەهید لوقمان عەبدولكەریم و بژارو عومەر و ژماریەك یاریزانی كوردی بەتوانا لە شاری دهۆك هەبوون.
*بەرنامەت هەیە بۆپێگەیاندنی یاریزانان لە یانەی دهۆك ؟
- من ڕاهێنەری بنكەی وەرزش ولاوانی دهۆكم ماوەی سێ ساڵەو تازەپێگەیشتووان و لاوان هەموو ساڵێكیش زیاتر لە 20 بۆ30 یاریزان دەدەمە یانەكانی دهۆك وزێرەڤانی.
*بڕیارت نەداوە بە یەكجاری واز لە وەرزش كردن بهێنیت؟
- ئەگەر بمرم واز دەهێنم.
* بە چ ناوبژێوانێك سەرسامیت؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ناوبژیوانانی كوردستان هەموو ئاستیان بەرزە، بەڵام من بە كۆلینا سەرسامم.
*خولی كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
- بەلای من كە ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانم، خولی كوردستانم پێ باشترە لە گشت روویەكەوە، من لە خولی عێراقیش سەرپەرشتیارم، خولی عێراق زیاترپیشەگەرییەو یانەكانی زیاترە،بەڵام خولی كوردستانیش كێبڕكێی خولەكە دەكات
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگیی بە وەرزشوانە دێرینەكان بدەن لەبەرامبەر خزمەت كردنیان، بە ئومێدی ئەوەشم لە جامی ئاسیا هەردوو یانەكەی كوردستان، دهۆك و هەولێر، بگەنەیاریی كۆتایی و لە كوردستان یارییەكە ئەنجام بدرێت.
Top