گاریس بیل نازناوی باشترینی خولی ئینگلتەرای بەدەستهێنا
گاریس بیل یاریزانی یانەی تۆتنهام خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی نایابی ئینگلتەرای بۆ وەرزی 2012-2013 وەرگرت، لەهەمان كاتدا گاریس بیل خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی ئەم وەرزەی وەرگرت و بووە سێیەم یاریزان لە مێژووی خولی ئینگلتەرا كە هەردوو خەڵات كۆدەكاتەوە بە پێی راپرسی یەكێتیی یاریزانە پیشەگەرەكانی ئینگلتەرا.
گاریس بیل لەم وەرزەدا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە و لەگەڵ یانەكەی 19 گۆڵی تۆماركردووە، لەراپرسییەكەدا بیل بە پێش یاریزانان رۆبن ڤان پێرسی یاریزانی مانچستەر یونایتد و لویس سوارێز یاریزانی یانەی لیڤەرپول و مایكل كاریك یاریزانی مانچستەر یونایتد و هەردوو یاریزانی یانەی چێلسی ئەدین هازارد و خوان ماتا كەوت، بیل بووە سێیەم یاریزان هەردوو خەڵات بەیەكەوە كۆدەكاتەوە لە دوای یاریزانان ئەندی گرای لە ساڵی 1997 و كریستیانۆ رۆنالدۆ لە ساڵی 2007، هەروەها بیل بووە پێنجەم یاریزان كە دوو جار ئەم نازناوە بەدەست دەهێنێت لەدوای یاریزانان كریستیانۆ رۆنالدۆ و تیری هینری و ئالان شیرەر و مارك هیۆز .
بیل لە لێدوانێكیدا شانازی بەوەرگرتنی ئەم دوو خەڵاتەكرد و دووپاتیكردەوە كەئێستا بیری لە رۆیشتن نەكردۆتەوە بۆ یانەیەكی دیكە بەڵكو تەنها بیر لەوە دەكاتەوە چۆن یارمەتیی یانەكەی بدات لە خولی ئینگلتەرا و گەیاندنی یانەی تۆتنام بۆ خولی یانەكانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوو .
لەلایەكی دیكەوە یەكێتیی یاریزانە پیشەگەرەكانی ئینگلتەرا پێكهاتەی نموونەیی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرای ئاشكراكرد كەبەم شێوەیە بوو :
* گۆڵپارێز : دێڤید دی خیا (مانچستەر یونایتد)
* بەرگری : پابلۆ زابالیتا (مانچستەر سیتی)، ریۆ فردیناند (مانچستەر یونایتد)، یان ڤێرتۆنخن (تۆتنهام)، لیتۆن بینیس (ئیڤەرتۆن)
* ناوەڕاست : گاریس بیل (تۆتنهام)، خوان ماتا (چێلسی)، مایكل كاریك (مانچستەر یونایتد)، ئیدن هازارد (چێلسی)
* هێرشبەر : رۆبن ڤان پێرسی (مانچستەر یونایتد)، لویس سوارێز(لیڤەرپول)
