هەماهەنگی لەنێوان هەردوو ماراسۆنی بەیرووت و هەولێری نێودەوڵەتی

هەماهەنگی لەنێوان هەردوو  ماراسۆنی بەیرووت و هەولێری نێودەوڵەتی
كارزان كانەبی ودلێر ئیبراهیم- هەولێر
بەمەبەستی هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان هەردوو ماراسۆنی هەولێر و بەیرووتی نێودەوڵەتی، كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەندامانی لێژنەی باڵای هەردوو ماراسۆنەكە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لەچوارچێوەی سەردانی خاتوو مەی فەیسەڵ ئەلخەلیل سەرۆكی كۆمەڵەی بەیروت ماراسۆن رێكخەری ماراسۆنی نێودەوڵەتی بەیروت، بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاشنابوون بە رەوشی وەرزشی و ئاوەدانی و بوژانەوەی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی كردنی بۆ ماراسۆنی هەولێر، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو دەستەی باڵای مارسۆنەكە، بەبەشداری كاكە ئەحمەد جەمیل و سەرتیپ فاریق و دلێر ئیبراهیم لە دەستەی باڵای ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر و خاتوو مەی ئەلخەلیل سەرۆكی كۆمەڵەی بەیرووت ماراسۆن و سەباح حەسەن عەبدولڵا رێكخەری ماراسۆنی بەیروت لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا خاتوو مەی خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر سەركەوتنی بەرچاوی ماراسۆنی هەولێری نێودەوڵەتی دەربڕی كە لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو بەبەشداری زیاتر لە 5000 وەرزشوان و ئاشتیخواز بەڕێوەچوو، ئامادەیی ماراسۆنی بەیرووتیشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی ماراسۆنی هەولێر لە رووی رێكخستن و لۆجیستی و كارگێڕی و ناوبژیوانی و سەرجەم لایەنەكانی ترەوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، وەرزش پەیامی ئاشتی و لێبووردەییەو بەو هیوایەی ماراسۆنی هەولێر بۆ ئاشتی و گەشەپێدان وەرچەرخانێكی گرنگ بێت بەرەو بەرقەراركردنی ئاشتی و یەكبوون و لێبووردەیی و هاوژیانی لە نێوان گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و رەتكردنەوەی توندوتیژی لە هەموو عێراقدا.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا خاتوو مەی بەناوی ماراسۆنی بەیرووت بانگهێشتی ماراسۆنی هەولێری نێودەوڵەتی كرد بۆ سەردانی وڵاتی لوبنان تا لە نزیكەوە بە گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی بواری ماراسۆنی بەیرووت ئاشنابن و سوود لە ئەزموونی كەڵەكەبووی ئەو وڵاتە وەربگرن.
بۆ بەرزنرخاندنی هەوڵ و كۆششەكانی خاتوو مەی ئەلخەلیل لە نزیك كردنەوەی هەردوو ماراسۆنی هەولێر و بەیرووت، ئەندامانی شاندەكە خەڵاتی رێزلێنانیان پێشكەش بە بەڕێزیان كردو لەوتەیەكدا كاكە ئەحمەد جەمیل سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بەم دەستپێشخەرییەی خاتوو مەی ئەلخەلیل كرد.
Top