لەپێشانگایەكدا مێژووی رۆژنامەگەریی وەرزشیی كوردی خرایەڕوو

لەپێشانگایەكدا مێژووی رۆژنامەگەریی وەرزشیی كوردی خرایەڕوو
لە 115ەیەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیی (1898-2013)، بەدروشمی لەكاروانی وەرزش-ەوە بۆ لەشجوانی، یەكەم پێشانگای تایبەت بەبڵاوكراوە وەرزشییەكان بۆ رۆژنامەنووس سەنگەر زرار لەهۆڵی میدیای شاری هەولێر كرایەوە.
رۆژانی 21و22/4/2013 بەچاودێری د.كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیریی و لاوان و بەئامادەبوونی حاكم ئازاد حەمەدئەمین نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسان و م. سەڵاح حەسەن خەسرەو سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی تر لەمیوانان و نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندن و راگەیاندنكارانی وەرزشی پێشانگاكە كرایەوە كە 112 ناونیشانی تێدا خراوەتەڕوو، 91 بڵاوكراوەی فەرمیی و 21 بڵاوكراوەی نافەرمیی كە 71 رۆژنامە و 20 گۆڤار و 21 بڵاوكراوەی نافەرمیش كە بەفۆتۆكۆپی و دەستنووس چاپكراون.
لەسەر ئاستی شارەكانیش 39 رۆژنامە و گۆڤار لەهەولێر و 35 رۆژنامە و گۆڤار لەسلێمانی و 4 رۆژنامە و 1 گۆڤار لەكەركوك و 6 رۆژنامە لەدهۆك و 2 رۆژنامە لەكەلار و 2 رۆژنامە لە بەغدا و 1 رۆژنامە لەهەڵەبجە و 1 رۆژنامە لەسۆران بڵاوكراونەتەوە، بڵاوكراوە نافەرمییەكانیش 10 لەسلێمانی و 6 لەهەولێر و 2 لەقەڵادزێ و 1 لەرانیە و 1 لەكەلار و 1 لەچەمچەماڵ دەرچووینە.
Top