دۆرتمۆند ٤-١ ریاڵ : لە ئەڵمانیا ئابڕووی ریاڵیش برا
پاش ئەو شکستە گەورەیەی شەوێک پێش ئەوە توشی بەرشلۆنە هات لەسەر دەستی بایەرن میونشن، ئەمجارەیان ئەڵمانییەکی تر هەمان سیناریۆی بەسەر دووەم نوێنەری ئیسپانیا دوبارەکردەوە. ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە کە دوو لە زەبەلاحترین یانەکانی جیهانن لە دوو شەوی لەسەریەکدا بوونە قوربانی سیحری خاكی ئەڵمانیا و سەری وڵاتەکەیان شۆڕکرد.
لەگەڵ دەستپێکی یارییەکەدا هەست بەوەکرا بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی ریاڵ مەدرید نیە تاوەکو ڕۆبێرتۆ لێڤاندۆڤێسکی هەرچەندە گومان هەبوو لە بەشداریکردنی لە خولەکی ٨ یەکەم گۆڵی تۆمارکرد. دوای ئەو گۆڵە ریاڵ نەیتوانی هاوسەنگی خۆی لەسەر یاریگا بەدەست بهێنێت بەڵام سودی لە هەڵەیەکی بەرگریکارانی دۆرتمۆند وەرگرت و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە. نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە بەکۆتاهات.
لە نیوەی دووەمدا دۆرتمۆندی ریاڵی توشی شۆککرد کاتێک لێڤاندۆڤێسکی ئەستێرەی یارییەکە سێ گۆڵی لەسەریەکی لە خولەکی ٥٠ و ٥٥ و ٦٦ تۆمارکرد و هەمان سیناریۆی شەوی ڕابردووی دوبارەکردەوە کە بەرشلۆنە لە نیوەی دووەمدا سێ گۆڵی لێ تۆمارکرا و یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە بەکۆتاهات.
بەم شێوەیە ریاڵ مەدرید پێویستە لە خاكی خۆی بە ئەنجامی ٣-٠ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ئەگەر بیەوێت بگاتە قۆناغی داهاتوو.
