پێنج وەرزشكار بە وەرزش بەسەر شێرپەنجەدا زاڵبوون
* ئەریك ئەبیدال . تۆپی پێ
یاریزانی فەرەنسی ئەریك ئەبیدال یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەو وەرزشكارانەی كە توانی بەرەنگاری نەخۆشیی شێرپەنجە ببێتەوە و دوای 402 رۆژ لە دووركەوتنەوە گەڕایەوە یاریكردن لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی و لەكاتی گەڕانەوەیدا پێشوازییەكی یەكجار گەرمی لێكرا .
* لانس ئەرمسترۆنگ . پایسكلسواری
پایسكسواری ئەمریكی لانس ئەرمسترۆنگ یەكێكە لەوە وەرزشكارانەی كە لەتەمەنی 25 ساڵیدا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هاتووە و پزیشكان رایانگەیاندبوو كە هەلی ژیانی تەنها 40%، بەڵام ئەرمسترۆنگ توانی بەرەنگاری ئەم نەخۆشییە ببێتەوە و گەڕایەوە جیهانی وەرزش و چەندین دەسكەوتی جیهانی تۆماركرد، پێش ماوەیەك ئەرمسترۆنگ دانی بەوە دانا كە دەرمانی وزەبەخشی بەكارهێناوە و ئەوەش كاریگەریی لەسەر ژیان و كاروانی وەرزشیی ئەم یاریزانە هەبوو.
* لۆدمێلا ئینگویست . گۆڕەپان و مەیدان
كچە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی رووسی لۆدمێلا ئینگویست هەڵگری میدالیای زێڕ لە راكردنی 100 مەتر لە ئۆلۆمپیادی ئەتلانتا 1996 چیرۆكێكی هاوشێوەی هەیە لە گەڕانەوە لە نەخۆشیی شێرپەنجە بۆ جیهانی وەرزش، لۆدمێلا لە ساڵی 1999 تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، بەڵام بە ورەیەكی بەرزەوە بەرەنگاری ئەم نەخۆشییە بۆوە و دوای چوار مانگ گەڕایەوە مەیدانەكانی راكردن و لە جامی جیهانی لە سیڤیلیای ئیسپانیدا میدالیای برۆنزیی بەدەست هێنا .
* خۆسێ مۆلینا . تۆپی پێ
مۆلینا گۆڵچی یانەی دیپۆرتیڤۆ لاكەرۆنیای ئیسپانی بوو كاتێك تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هات، لەدوای ململانێیەكی بەهێز لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا، مۆلینا گەڕایەوە یاریكردن لەگەڵ یانەكەی و ئێستا كاری راهێنەری دەكات.
* تیتۆ ڤیلانۆڤا . تۆپی پێ
لە ساڵی 2012 راهێنەری یانەی بەرشلۆنە تیتۆ ڤیلانۆڤا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هات و دوای دوو قۆناغی چارەسەركردن لەم نەخۆشییە كە دوایینیان لە شاری نیۆیۆرك بوو جارێكی دیكە تیتۆ گەڕایەوە كارەكەی و بە هیوای ئەوەیە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە چەندین نازناو بەدەست بهێنێت.
