بەرشلۆنە گۆڵچی داهاتووی دەدۆزێتەوە

بەرشلۆنە گۆڵچی داهاتووی دەدۆزێتەوە
وادیارە یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بڕیاری كۆتایی داوە بە دەستنیشانكردنی ئەو گۆڵچییەی كە شوێنی ڤكتۆر ڤالدێز گۆڵچی ئێستای یانەی ناوبراو بگرێتەوە كە بڕیاری داوە لە كۆتایی ئەم وەرزە یانەی بەرشلۆنە بەجێ بهێڵێت و بۆندەكەی تازە نەكاتەوە.
ڕۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی رایگەیاند كە گۆڵچی هۆڵەندی میشێل ڤۆرم گۆڵچی یانەی سوانزی سیتی ئینگلیزی دەست نیشان كراوە بۆ ئەوەی ئەركی گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە وەربگرێت، یانەی بەرشلۆنە گەیشتۆتە ئەو بۆچوونەی كە ڤۆرم دەتوانێت زوو لەگەڵ شێوازی یاریكردنی پلاوگرنا بگونجێت، چونكە یانەی سوانزی تا ڕادەیەك بە هەمان شێواز یاری دەكات .
ڤۆرم بۆندەكەی لەگەڵ یانەی سوانزی تا ساڵی 2016 بەردەوامە، بەڵام لێپرسراوانی یانەی ناوبراو دەزانن كە ناتوانن پارێزگاریی لەم گۆڵچییە بكەن ئەگەر بۆندێكی باشی پێشكەش بكرێت،ڤۆرم لە ساڵی 2011بەبڕی (1.5) ملیۆن یۆڕۆ لە یانەی ئۆترێخت هاتە ڕیزی یانەی سوانزی .
Top