كۆمپانیای "NIM" بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل وردەكارییەكانی پاڵەوانێتیی " كیا جامی كیشوەرەكانی 2013 بۆ فوتساڵ" رادەگەیەنێت

كۆمپانیای
گوڵان/كارزان كانەبی
(هەولێر: 7 ی نیسانی 2013): كۆمپانیای " NIM" بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكە بریكاری كیا لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دەستپێكردنی تۆماركردنی لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكانی 2013 بۆ یاریی تۆپی پێی پێنج یاریزانی (فوتساڵ) لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەویش لە رێگەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەش كە ئەمڕۆ یەكشەممە بەسترا. كۆنگرەكە تیشكی خستە سەر وردەكارییەكانی پاڵەوانێتییەكە كە بڕیار وایە لە 19 ی نیسانی 2013 لەسەر یاریگەی (الهدف) بەڕێوە بچێت كە كەوتۆتە رێگەی مووسڵ تەنیشت گوندی توڕەق.
لەم كۆنگرەیەدا هەریەك لە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای "NIM" و سامان بریفكانی بەرپرسی رێكخستنی پاڵەوانێتییەكە ئامادەی بوون.
پاڵەوانێتییەكە هەلی گەشتكردنی تیپی خاوەن نازناو دەخاتە بەردەست بەوەی ئامادەی یەكێك لە یارییەكانی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 ببێت كە لە بەڕازیل بەڕێوە دەچێت، هەروەها ئەم تیپە دەبێتە نوێنەری هەرێمی كوردستان لە پاڵەوانێتییەك لەسەر ئاستی جیهان كە بۆ بریكارەكانی كیا ساز دەكرێت هەر لە بەڕازیل، ئەم پاڵەوانێتییەش بە هاوكاریی كۆمپانیای كیا مۆتۆرز كۆربۆرەیشن ساز دەكرێت بەوەی كە شەریكی فەرمیی پاڵەوانێتیی جامی كیشوەرەكانە.
هەر لە پێناو ئەمەدا كۆمپانیای "NIM" بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكە بریكاری كۆمپانیای كیا لە هەرێمی كوردستان هەڵدەستێ بە سازكردنی پاڵەوانێتییەك بۆ سەرجەم تیپەكانی كوردستان بۆ پێنج یاریزانی بە مەرجێك تەمەنیان لە 18 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت.
دەربارەی ئەمە نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای "NIM" بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیبل گوتی: كیا مۆتۆرز كۆربۆرەیشن بڕوای بەوە هەیە كە ببێتە سپۆنسەری پاڵەوانێتییە جیاجیاكانی سەر ئاستی جیهان ئەوەیش بە هۆی گرنگیی ئەو پاڵەوانێتییانەیە كە رۆشنبیری و شارستانییەت و زمان و كلتوری وەرزشوانان و جەماوەری وەرزشی و هاندەرەكانی لە یەكتر نزیك دەكاتەوە. ئێمەش لە لە كۆمپانیای "NIM" سووڕین لەسەر سازكردنی ئەم جۆرە چالاكییانە، چونكە دەزانین هەلی سەردانیكردنیان لە كەشو هەوای جامی كیشوەرەكانی 2013 تا چ رادەیەك گرنگە، بۆیە ئەو هەلە دەخەینە بەردەستیان.
هەروەها رای گەیاند، دەمەوێ رێز و سوپاسی خۆم ئاراستەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بكەم كە هەموو پێداویستییەكیان خستە بەردەست بۆ سەركەوتنی ئەو پاڵەوانێتییە و پاڵەوانێتییەكانی دیكە كە دەبێتە هۆكاری بە رۆشنبیركردنی زیاتری لاوی كورد.
لە لای خۆیەوە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان گوتی: ئێمە لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان زۆر بە پەرۆشەوە دەستپێكردنی ئەم پاڵەوانێتییە رادەگەیەنین كە لایەنی پۆزەتیڤی زۆر لە خۆوە دەگرێت و هانی لاوی كورد دەدات كە كاتی خۆیان لە بەرهەمهێنان بەسەر ببەن و لەم جۆرە پاڵەوانێتییانە بەشداری بكەن بۆ ئەوەی سوود بە كۆمەڵگە و مێژووی تۆپی پێی كوردستانی بگەیەنن.
بە هەمان شێوە سامان بریفكانی بەرپرسی رێكخستنی پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكانی 2013 لە هەرێمی كوردستان گوتی: هەلێكی گرنگە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی وەرزش لە كوردستاندا، چونكە ململانێ لەسەر نازناوەكە، كە یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان ئامادەی دەكات، توانای یاریزانی نوێ دەردەخات، بە هەمان شێوە هەلێكی خۆشیان دەخاتە بەردەست بەوەی ئامادەی یەكێك لە یارییە گرنگەكانی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 دەبن. هەروەها بریفكانی تیشكی خستە سەر چۆنیەتی بەشداریكردنی تیپەكان لەو پاڵەوانێتییەدا.
لە كۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەفین كانەبی سوپاسی خۆی ئاراستە كۆمپانیای " NIM" كرد كە هەمیشە لە هەوڵی بەرەوپێشچوونی رەوشی تۆپی پێی كوردستانی دەدات بە رێكخستنی كۆمەڵێك چالاكی و فێستیڤاڵی وەرزشی وەك ئەم پاڵەوانێتییە.
كۆمپانیای كیا شەریكی ئۆتۆمبیلیی فەرمیی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتییە (FIFA) هەلی دەرخستنی تواناكانی لاوانی كورد لە بواری تۆپی پێدا پەرە پێدەدات، هەروەها جێگەی باسە لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكانی 2013 بۆ پێنج یاریزانی لە بەڕازیل بە بەشداریكردنی 10 وڵات لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت لە نێویاندا هەرێمی كوردستانە، شانبەشانی تیپەكانی باشووری ئەفریكا و بەڕازیل و كۆلۆمبیا و ئوردن و چیلی و پیرۆ و ئەرژەنتین و فەرەنسایە.
Top