چامپیۆنزلیگ .. یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەم

چامپیۆنزلیگ .. یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەم
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە 2 و 3/4/2013 یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (چامپیۆنزلیگ) بەڕێوەدەچێت كە تێیدا چوار یاری ئەنجام دەدرێت و سەرجەم یارییەكان كاتژمێر 9.45ی شەو بەكاتی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، لەم قۆناغەدا هەر هەشت یانە ( بەرشلۆنە، ریال مەدرید، مەلاگە، بایرەن میونیخ، بروسیا دۆرتمۆند، یۆڤانتس، پاریس سان جێرمان، گەڵاتەسەرای ) هەوڵ دەدەن ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی یارییەكانی گەڕانەوە بە دڵنیایەوە ئەنجام بدەن، بەڵام چاودێران پێیان وایە كە چارەنووسی هەرچوار یانەكەی چوارگۆشەی زێڕین لە یارییەكانی گەڕانەوە بەدیار دەكەوێت .
سبەینێ سێشەممە 2/4/2013 دوو یاری ئەنجام دەدرێت، لە یاریگای پارك دۆ فرانس لە شاری پاریس، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی میوانداریی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی دەكات، یانە دەوڵەمەندەكەی فەرەنسا هەوڵ دەدات شەمەندەفەری یانەكەی هەرێمی كەتالۆنیا رابگرێت و دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بكات، لە مێژووی سەرجەم خولەكانی ئەوروپا یانەی بەرشلۆنە لە یارییەكانی قۆناغە یەكلاكەرەوەكان نەیتوانیوە بەربەستی یانەی سان جێرمان ببڕێت، بەڵام یانەی بەرشلۆنە نایەوێت هەمان سیناریۆی یارییەكەی میلان دووبارە ببێتەوە، ئەم یارییە جێگای بایەخی هاندەرانی وڵاتی فەرەنسا بووە بۆ ئەم مەبەستەش یانەی پاریس سان جێرمان رایگەیاند كە زیاتر لە یەك ملیۆن داواكاری بۆ هاتووە بۆ كڕینی پلیتەكانی چوونە ژوورەوە .
لە یاریگای ئەلیانز ئەرینا لە شاری میونیخ یاری لوتكە ئەنجام دەدرێت لە نێوان هەردوو یانەی بایرەن میونیخی ئەڵمانی و یۆڤانتسی ئیتالی، چاودێرانی چامپۆنزلیگ ئەم یارییە بە یارییەكی كۆتایی پێش وەختە وەسف دەكەن و كام یانە لەم قۆناغە ماڵئاوایی بكات ئەوە یانەیەكی پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە ماڵئاوایی دەكات، دواجار كە هەردوو یانە لەگەڵ یەك یارییان كردووە لە قۆناغی گروپەكانی وەرزی 2009 – 2010 بوو كاتێك یانەكەی هەرێمی بەڤاریا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانە خانمە پیرەكەی ئیتالیای بردەوە، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوەو زۆر زەحمەتە ئەم یارییە بە ئەنجامێكی گەورە بۆ یانەیەك كۆتایی بێت .
دووسبەی چوارشەممە 3/4/2013 دوو یاریی دیكە ئەنجام دەدرێت، لە یاریگای سانتیاگۆ بەرنابیۆ لە شاری مەدرید یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی یانەی گەلاتە سەرای توركی دەبێتەوە، لە سەر كاغەز ئەمە ئاسانترین یارییە لە نێو یارییەكانی قۆناغی هەشتەم، یانەی شاهانە دەیەوێ لەم یارییەدا گەیشتنی بۆ قۆناغی پێش كۆتایی مسۆگەر بكات بەڵام ئەركی ئاسان نابێت چونكە یانەی گەلاتەسەرای خاوەن پێكهاتەیەكی بەهێز و راهێنەریكی زیرەكە، لە 25/8/2000 لە جامی سوپەری ئەوروپا یانەی گەلاتەسەرای بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی ریال مەدریدی بردەوە، هەروەها لە 24/8/2011 لە سەر جامی سانتیاگۆ بەرنابیۆ یانەی ریال مەدرید بەهەمان ئەنجام لە یانەی گەلاتە سەرای بردەوە، لەم یارییەدا یاریزان دیدی درۆگبا لەبەرامبەر راهێنەرە پێشووەكەی مۆرینهۆ یاری دەكات بە هەمان شێوە یاریزان ویسلی شنایدەر دەگەڕێتەوە یاریگای سانتیاگۆ بەرنابیۆ .
لە دوا یارییدا و لە یاریگای لارۆزالیدا یانەی مەلاگەی ئیسپانی لە بەرامبەر یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یاری دەكات، یانەی مەلاگە بۆ یەكەم جارە بەشداری لە چامپیۆنز لیگ دەكات و دەسكەوتێكی مێژوویی تۆماركرد بە گەیشتنی بۆ قۆناغی هەشتەم، لەم یارییەشدا هەوڵدەدات لە خەونەكەی بەردەوام بێت و ئەنجامێكی باش تۆمار بكات، لە بەرامبەردا یانەی بروسیا دۆرتمۆند یەكێكە لە یانە بەهێزەكانی ئەم قۆناغە و پاڵێوراوە بگاتە چوارگۆشەی زێڕین .
لەلایەكی دیكەوە كاتژمێر 10.05ی شەوی پێنج شەممە 4/4/2013 یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەمی یۆرپا لیگ ئەنجام دەدرێت بە پێی ئەم خشتەیە :
تۆتنهام (ئینگلتەرا) * بازل (سویسرا)
چێلسی (ئینگلتەرا) * رۆبین كازان (روسیا)
فەنەربەخچە (توركیا) * لازیۆ (ئیتالیا)
بەنفیكا (پورتوگال) * نیوكاسل یونایتد (ئینگلتەرا)
Top