چامپیۆنزلیگ... بەرشلۆنە و ئەرسنال لە لێــواری دەرچوونن
لە یاریگای كامپ نو لە شاری بەرشلۆنە، یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی میوانداری یانەی ئەی سی میلانی ئیتالی دەكات، لە یاری چووندا دوور لە هەموو پێشبینیەكان یانەی میلان بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكەی بردەوە، ئەم ئەنجامە ئەركی یانەی بەرشلۆنە زۆر زەحمەت دەكات چونكە هیچ رێگایەكی لە بەردەم نییە تەنها سەركەوتن نەبێت بە جیاوازی سێ گۆڵ ئەگەر بیەوێت سەركەوێت بۆ قۆناغی هەشتەم، لە بەرامبەردا یانەی میلان بەچەند ئەگەرێكی جیاواز سەركەوتن مسۆگەر دەكات كە بریتین لە بردنەوە یان بەرامبەر بوون بەهەر ئەنجامێك، هەروەها دۆڕاندن بە جیاوازی گۆڵێك یان دوو گۆڵ بە مەرجێك یانەی میلان گۆڵ تۆمار بكات.
لە یاری دووەمی شەوی سێشەممە و لە یاریگای ڤیلتینس ئەرینا لە شاری كیرزنكێرشن، یانەی شاڵكەی ئەڵمانی رووبەڕووی یانەی گەلاتە سەرای توركی دەبێتەوە، لە یاری چووندا هەردوو یانە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەك یەكسان بوون، ئەم ئەنجامەش دەرگای سەركەوتن بۆ قۆناغی هەشتەم بۆ هەردوو یانە بە رێژەیەكی یەكسان واڵا دەكات هەرچەندە ئەگەری سەركەوتنی یانەی شاڵكە تا رادەیەك زیاترە بە حوكمی ئەوەی لە سەر یاریگا و لەبەردەم جەماوەرەكەی یاری دەكات، یانەی شاڵكە بە سەركەوتن بە هەر ئەنجامێك یان بەرامبەر بوون بە بێ گۆڵ دەگاتە قۆناغی هەشتەم، یانەی گەلاتە سەرای بە بردنەوە بە هەر ئەنجامێك یانە بەرامبەر بوون بە دوو گۆڵ و زیاتر دەگاتە قۆناغی هەشتەم.
شەوی چوارشەممەش رێكەوتی 13/3/2013 لە هەمان كاتدا 10.45ی شەو دوو یاری دیكەیە ئەنجام دەدرێت، لە یاریگای ئەلیانزئەرینا لە شاری میونیخ، یانەی بایرەن میونیخی ئەڵمانی میوانداری یانەی ئەرسنالی ئینگلیزی دەكات، یانەی بایرەن میونیخ دوای سەركەوتنی لە یاری چووندا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە ناو یاریگا ئیمارات لە شاری لەندەن بە رێژەیەكی یەكجار بەرزەوە گەیشتنی بۆ قۆناغی هەشتەم مسۆگەر كردووە، بردنەوە یان بەرامبەربوون بە هەر ئەنجامێك یان دۆڕاندن بە جیاوازی یەك گۆڵ یان بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر یانەكەی هەرێمی بەڤاریای ئەڵمانی دەگەیەنێتە قۆناغی هەشتەم، لەو كاتەی یانەی ئەرسنال ئەركی زەحمەتە چونكە دەبێ بە جیاوازی سێ گۆڵ یارییەكە بباتەوە بۆئەوەی سەركەوێت، راهێنەری یانەی ئەرسنال ئارسن ڤینگەر دانی بە زەحمەتی ئەركی یانەكەی دانا و رایگەیاند كە ئەم ئەركە لە مەحاڵ نزیكە .
لە یارییەكەی دیكەدا و لە یاریگای لارۆزالیدا لە شاری مالاگە، یانەی مالاگەی ئیسپانی لەگەڵ یانەی پۆرتۆی پورتوگالی یاری دەكات، لە یاری چووندا یانەی پۆرتۆ بە گۆلێكی بێ بەرامبەر یارییەكەی بردەوە، ئەگەرەكانی سەركەوتنی یانەی مالاگە تەنها بریتیە لە بردنەوە بە جیاوازی دوو گۆڵ، ئەگەرەكانی سەركەوتنی یانەی پۆرتۆ بۆ قۆناغی هەشتەم بریتین لە بردنەوە یان بەرامبەر بوون بە هەر ئەنجامێك هەروەها دۆراندنیش بە جیاوازی گۆڵێك بە مەرجێك یانەی پۆرتۆ گۆڵ تۆمار بكات .
واش بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو تیروپشكی هەردوو قۆناغی هەشتەم و پێش كۆتایی لە بارەگای یەكێتی ئەوروپا لە شاری نیۆنی سویسری ئەنجام بدرێت .
