مانچستەر ٢-٢ چێڵسی: ستامفۆرد بریج دووبارەبوونەوەی یاری لوتکەی جامی ئینگلتەرا لەخۆدەگرێت

مانچستەر ٢-٢ چێڵسی: ستامفۆرد بریج دووبارەبوونەوەی یاری لوتکەی جامی ئینگلتەرا لەخۆدەگرێت
ئەمشەو لە قۆناغی چارەگی کۆتایی جامی ئینگلتەرا هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و چێلسی لەسەر یاریگای ئۆڵدترافۆرد بەیەک گەیشتن.

هەمیشە یارییەکانی نێوان شەیتانە سوورەکان و بلوز چێژی تایبەتی خۆی هەیە بەهۆی ئەو ململانێ بەهێزەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەنێوان ئەو دوو یانەیەدا هەبووە و ئەمشەویش لە یارییەکەی بەهێزدا هەردوولا بە دوو گۆڵ بۆهەرلایەک بەرامبەربوون.

مانچستەر توانی بلوز توشی شۆک بکات پاش ئەوەی لە خولەکەکانی ٥ و ١٢ دوو گۆڵی لەسەریەکی لە ڕێگای هێرناندێز و ڕونی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە سەرکەوتنی مان یونایتد بەکۆتاهات. بەڵام لە نیوەی دووەمدا چێلسی توانی گۆڕانکاری لە ئەنجامی یارییەکەدا بکات و ئێدین هەزارد لە خولەکی ٥٩ گۆڵێکی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی کەمکردەوە، دواتر ڕامیرێزی بەڕازیلی لە خولەکی ٦٨ گۆڵی بەرامبەری تۆمارکرد و یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە بەکۆتاهات.

بەمەش یاری دووبارەکردنەوە ئەنجام دەدرێت لە ستامفۆرد بریج بۆ یەکلاکردنەوەی براوەی ئەم قۆناغە.
Top