دێرین مەحمود: لە كوردستان ئافرەتی بەهرەمەند هەیە دەبێت بایەخیان پێ بدرێت

دێرین مەحمود: لە كوردستان ئافرەتی بەهرەمەند هەیە دەبێت بایەخیان پێ بدرێت
كاتێك چوومە هۆڵی داخراوی شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر یارییەكی دۆستانەی نێوان هەردوو یانەی قەڵا و هەڵبژاردەی پەروردەی كەركووك بەڕێوە دەچوو، لە دەرەوەی هۆڵەكە گوێبیستی هاندەرانی نێو هۆڵ دەبووم، كە هەموو بە یەك دەنگ هاواریان دەكرد (میسی.. میسی) ئەمەش بووە پرسیار بووە هۆكارێك، كە بچمە نێو هۆڵەكە بۆ ئەوەی بزانم هۆكاری ئەم هاواری جەماوەر چییە.
كاتێك كە سەیری یارییەكەم كرد تێبینی ئەوەم كرد، كە كچە یاریزانێك كە تۆپ لە لای دەبێت هۆڵەكە هەمووی هاواری دەكرد (میسی.. میسی)، بەڵام جەماوەر ناحەقی نەبوو ئەم كچە یاریزانە لە رووی جمەجۆڵەوە خاوەن بەهرەیەكی یەكجار زۆرە بووە جێگای سەرسوڕمان و سەرنجی من، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی تەواو بوونی یارییەكەم كرد بۆ ئەوەی بچمە لای ئەم كچە یاریزانە بەمەبەستی ئەنجامدانی دیمانە، سەرەتا رێگام لە راهێنەری كچەكە وەرگرت، بەڵام لە یەكەم پرسیار لە كاتی وەڵامدانەوەی، شتێكی تر سەرنجی راكێشام، كە لێم پرسی تۆ تەمەنت چەند ساڵە، یەكسەر گوتی من لە دایكبووی ساڵی (2000)م پرسیارێكی ترم لە لا دروست بوو ئاخو ئەم كچە یاریزانە بەم تەمەن بچووكە چۆن دەتوانێت لەگەڵ ئەم یاریزانانە یاری بكات، كە لە رووی تەمەن و درێژەی و بەهێزی جەستە و هەموو شتێك لەو گەورەترن تەنیا لە جموجۆڵ و بەهرە نەبێت، دەقی دیمانەی ئەم كچە یاریزانە بەمشێوەیە.
*ناوی تەواوت چییە؟
- ناوم دێرین مەحمودە لە دایكبووی ساڵی (2000)ی شاری كەركووك و یاریزانی هەڵبژاردەی پەروەردەی كەركووك.
* كێ بووە هۆكاری دۆزینەوەی تۆ؟
- (بە زەردەخەنەوە وەڵامی داوە) و گوتی: مامۆستا دلاران منی دۆزیەوە، كاتێك هاتە نێو پۆلەوە گوتی كێ حەز دەكات یاری تۆپی پێ بكات منیش ئامادەی خۆم نیشان دا دواتر راستەوخۆ منی بۆ هەڵبژاردەی پەروەردەی كەركووك بانگهێشت كرد و توانیان نازناوی پاڵەوانێتی پەروەردەكانی عێراق لەسەر ئاستی كچان بە دەستبهێنین.
* دوای ئەم نازناوە هیچ گرێبەست بۆ نەهات؟
- لەگەڵ تەواوبوونی ئەم پاڵەوانێتییە چەندین یانە گرێبەستی پێشكەش كردووم بۆ ئەوەی لە تیپی یەكەمی ئەم یانانە لە خولەكانی عێراق و كوردستان یاری بكەم، بەڵام من گشت گرێبەستەكانم رەتكردەوە، چونكە قوتابیم دەبێت بایەخ بە خوێندن بدەم و حەز دەكەم لە دوا رۆژ ببمە مامۆستا.
* ئایا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرایت؟
-لەگەڵ تەواوبوونی ئەم پاڵەوانێتیە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق منی بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق كرد بۆ ئەوەی لە ریزی ئەم هەڵبژاردەیە بەشداری لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە بكەین.
* تا چەند دایك و باوكت پاڵپشتیت دەكەن؟
- هاندەری سەرەكی من باوكمە، كە لە گشت یارییەكان لە نێو هۆڵ ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی هانم بدات و هەردەم ئامۆژگارییم دەكات زۆر سوپاسی دەكەم، كە پاڵپشتێكی بەهێزی منە.
* چۆن تۆپی پێت هەڵبژارد؟
- زۆر حەز لە تۆپی پێ دەكەم، هەردەم لە كەناڵەكان سەیری یارییەكان دەكەم.
* بۆچی بە میسی بانگهێشتت دەكەن؟
- چونكە سەرسامم بە ئاستی یانەی بەرشلۆنە و میسی و هەردەم سەیری یارییەكان دەكەم، لە كاتی یارییەكان جەماوەر بە میسی بانگهێشتم دەكەن، چونكە دەڵێن تۆ لە رووی جموجۆڵ و جووڵانەوە زۆر بەهرەمەندی.
* داواكاریت چییە؟
- هیوادارم زیاتر بایەخ بە بواری وەرزشی ئافرەتان بدرێت، چونكە لە كوردستان ئافرەتی بەهرەمەند هەیە، كە دەتوانن دەستكەوتی گەورە بە دەستبهێنین.
لە كۆتایی من داوا لە لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و نووسینگەی ئافرەتان لە لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دەكەم، كە بەجیدی بایەخ بەم بەهرەمەندە بدرێت، چونكە ئەمە ئەگەر گرنگی پێبدرێت ئەوە دەبێتە ئەستێرەی داهاتووی كوردستان، بەڵام بایەخدان تەنیا بە بەڵێن نابێت بەڵكو بە دابین كردنی پێداویستی ئەم كچە یاریزانە لە رووی دابینكردنی راهێنەرێكی بە توانا بۆ ئەوەی ئاستی ئەم كچە بەهرەمەندە زیاتر پێش بخات و هەروەها دانانی خشتەی مەشقی رۆژانە و نووستن و خواردن و دابینكردنی كەل و پەلی وەرزشی.
رەنگە لە گشت یارییەكان چەندین بەهرەمەندی لەم شێوەیە هەبێت، بەڵام دەبێت بناغەیەكی تۆكمەی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان دابندرێت و دەبێت سەرەتاییەكی لە دارین بێت.
Top