لە پێنج رۆژی داهاتوو دوو كلاسیكۆ بەڕێوەیە

لە پێنج رۆژی داهاتوو دوو كلاسیكۆ بەڕێوەیە
سبەینێ سێشەممە 26/2/2013 و شەممەی داهاتوو 2/3/2013 دوو یاری كلاسیكۆی جیهان لە نێوان دوو یانە زەبەلاحەكەی ئیسپانیا ریال مەدرید و بەرشلۆنە ئەنجام دەدرێت كە ئەنجامی هەردوو یاری بەرێژەیەكی زۆر چارەنووسی دوو پاڵەوانیەتی سەرەكی لە وڵاتی ئیسپانیا بە دیاردەخات .
كلاسیكۆی یەكەم سبەینێ سێشەممە كاتژمێر 11ی شەو بەكاتی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، لە یاریگای كامپ نو لە شاری بەرشلۆنە، یانەی بەرشلۆنە میوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لە یاری چووندا هەردوو یانە بە گۆڵێك یەكسان بوون، بەرامبەر بوون بە بێ گۆڵ یان بردنەوە بەهەر ئەنجامێك لە بەرژەوندی بەرشلۆنەیە، بەڵام بەرامبەر بوون بە دوو گۆڵ و زیاتر یان بردنەوە بەهەر ئەنجامێك یانەی ریال مەدرید دەگەیەنێتە یاری كۆتایی .
یاری دووەمی كلاسیكۆ رۆژی شەممەی داهاتوو كاتژمێر 6ی ئێوارە بە كاتی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، لە یاریگای سانتیاگۆ بەرنابیۆ لە شاری مەدرید لە یارییەكانی هەفتەی 26ی خولی لالیگای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید میوانداری یانەی بەرشلۆنە دەكات، ئەم یارییە لەسەر داواكاری یانەی شاهانە لەم كاتە نامۆیە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بە باشی خۆی ئامادە بكات بۆ ئەنجامدانی یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتد لە یاریگای ئۆڵد ترافۆڵد لە شاری مانچستەر لە رۆژی سێشەممە 5/3/2013، ئەم كلاسیكۆیە گرنگی كەمترە لە كلاسیكۆی جامی شای ئیسپانیا لەبەر ئەوەی یانەی بەرشلۆنە بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش یانەی ریالە لە خولی ئیسپانیا .
چاودێران و پسپۆران پێیان وایە كە هەفتەی نێوان 26/2/2013 تا 5/3/2013 هەفتەیەكی یەكلاكەرەوەیە بۆ یانەی ریال مەدرید و راهێنەرەكەی جۆزی مۆرینهۆ بۆ رزگاركردنی وەرزی ئەمساڵەی یانەی شاهانە بە بەدەستهێنانی نازناوێك بە لانی كەمەوە، هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بە هیوای ئەوەن كە یانەكەیان بۆ جاری دەیەمین جامی چامپیۆنز لیگ بەرز بكاتەوە .
Top