د.شاكر ئەحمەد سمۆ: بڕیاری دروستكردنی چوار شاری وەرزشی لە پارێــــزگاكانی كوردستان دراوە
پارەكەش بە چەند بەشێك دەدرێت و لە سەرەتادا 30% پارەكە دەدرێت و ئەو پارەیە بە پێی پێوەرێك دابەش دەكرێتە سەر یانەكان، كە لێژنەیەكی هاوبەش لە دارایی و بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و لێژنەی ئۆڵمپی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە نووسراوی لێژنەی ئۆڵمپی سەبارەت بە چالاكیی یانەكان، دادپەروەرانە دابەشی كردووە و ئەو یانانەی كە بەشداریی خولی بژاردەی عێراق و خولی نایابی كوردستان لە تۆپی پێ دەكەن هاوكارییەكی باشی تیپی تۆپی پێیان كراوە، جگە لەوەش ئەمساڵ یانەكانی پلە دوو و پلە سێی كوردستانیش ئەو هاوكارییە دەیانگرێتەوە، كە پار پێیان نەدرا و بۆ تیپەكانی فوتساڵی كچانیش پارە دابین كراوە و پێویستە یانەكان گرنگیی بە وەرزشی كچان و تیپەكانیان بدەن، بەشێك لەو 12 ملیارە بۆ بەشداریی چالاكییەكانی دەرەوەی عێراقی یانەكانی كوردستان دەبێت، بەڵام چالاكیی فەرمی و گرنگ، نەك پاڵەوانییەتیی دۆستانە و بێ بایەخ.
سەبارەت بەكەمكردنەوەی یانەكان د.شاكر ئەحمەد سمۆ وتی: دوای ئەوەی نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نارد و دواتریش لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت دانیشتین،سەرۆكی حكوومەت پێی گوتین كارەكان دەبێت زۆر بە دادپەروەرانە بێتە ئەنجامدان، ئێمەش لیژنەیەكمان بۆ ئەو كارە دروست كردووە كە لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەی ئۆڵمپی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش پێك دێت و بە پێی چەند ڕێنماییەك هەوڵ دەدەین هەندێك لە یانەكان كەم بكەینەوە و هەندێكیش تێكەڵی یەكتر بكەین و ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێكی كەسی و حزبی لەو پرۆسەیەدا نادەین و بە پێی پێوەر دەبێت و دادپەروەرانە دەبێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی یانەكان د.شاكر ئەحمەد سمۆ وتی: لە 26-27ی مانگی داهاتوو كۆنفرانسێكی وەرزشی دێتە ئەنجامدان بۆ دانانی چەند ڕێنماییەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی یانە وەرزشییەكان، لە كۆنفرانسەكەدا سوود لە ڕێنماییەكانی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و یارییە میللییەكان وەردەگرین لەگەڵ كۆمەڵێك پێشنیاز و بیرۆكەی تر كە لە بەردەست دان بۆ ئەوەی ڕێنمایی تازە دابنێین بۆ هەڵبژاردنی یانەكان، هەر كەسێك خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆك یان دەستەی كارگێڕی دەبێت لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان بێت، جا گرینگ نییە ئەو كەسە بەرپرسی حزبییە یان سەرمایەدارە یان وەرزشوانە.
د.شاكر ئەحمەد سمۆ سەبارەت بە مووچەی وەرزشوانە دێرینەكان بەمشێوەیە هاتە ئاخافتن: چەند پێشنیازێك بۆ بەخشینی ئەو پارەیە بە دێرینەكان هەیە، لەوانە بدرێتە هەموو وەرزشوانانی دێرین، یان بدرێتە ئەوانەی خانەنشین و بێ مووچەن، یان بدرێتە ئەوانەی كە بێ مووچەی فەرمین، بە دڵنیاییەوە یەكێك لەو پێشنیازانە دێتە قبوڵكردن، بەم زووانە بەشی دووەمی خەڵاتی وەرزشوانانی دێرین دابەش دەكەین، كە ماوەیەك لەمەوبەر بەشی یەكەممان لە هەموو شارەكانی كوردستاندا دابەش كرد.
لە كۆتایی قسەكانیدا د.شاكر ئەحمەد سمۆ تیشكی خستە سەر شاری وەرزشی و گوتی: لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت لەو بارەوە قسەمان كردووە، بەڕێزیان داوای كرد كە دیزانێكی مۆدێرین بۆ دروستكردنی شاری وەرزشی ئامادە بكرێت و پاشان لەگەڵ پارێزگاری شارەكان قسە بكرێت سەبارەت بە دابینكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە، ئینجا تێچووەكەی دیراسە دەكرێت و دەست دەكرێت بە دروستكردنی شاری وەرزشی لەو چوار شوێنەی باسمان كرد، بەڵام لە كاتی ئێستەدا تەنیا داوای دروستكردنی دیزاینی ئەو پڕۆژانە كراوە و كارەكانی دیكە هەنگاو بە هەنگاو دێتە ئەنجامدان و شاری وەرزشی هەریەكە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان ئەنجام دەدرێت..
