ئیناس جونەید: لە ئێستادا بە ئاسـتی یاریی فوتساڵ لە هەولێر زۆر گەشبینم

ئیناس جونەید: لە ئێستادا بە ئاسـتی یاریی فوتساڵ لە هەولێر زۆر گەشبینم
ئیناس كچە یاریزانی تۆپی فوتساڵی یانەی ئافرەتانی هەولێرە یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی شارەكەو یانەی ئافرەتانی هەولێر لە ئێستادا سەرقاڵی پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستانە، لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی كوردستان لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر بەدەست بهێنێت، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی1993ی شاری هەولێرە لە هەمان كاتیشدا قوتابیی ئامادەییە،ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینیت لە كوردستان؟
-ئاستی ئەمساڵی پاڵەوانیتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستان باشە بەڵام ئەوەش نیە بڵێی زۆر پێشكەوتووە، ئاستێكی مام ناوەندی هەبووە تاكو ئێستا كە یارییەكانی لە كۆتایی نزیكە بۆتەوە،بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم رێژە بەشداری كردنی یانەكانە لە پاڵەوانیتیەكە مایەی دڵخۆشیە و ڕەنگە لە پاڵەوانیتی داهاتوو زیاتریش بێت.
*ئاستی پاڵەوانیتی فوتساڵی یانەكانی كوردستان ئەمساڵ لەچ ئاستێكە؟
- ئەم پاڵەوانیتیە كە ئاستێكی باشی هەبووە تاكو ئێستا یانەكانیش جیاوازیان هەبوو،هەندێك زۆر بەهێز بوون،هەندێكیشیان ئاستیان وەكو پێویست نەبووە، بەڵام ڕەنگە بۆپاڵەوانێتیەكانی داهاتوو ئەوانیش بەشێوەیەكی دیكە بێنە نێو ڕكابەرییەكان.
*ئەی لە شاری هەولێر لە چ ئاستێكدایە ؟
- من لە ئێستادا گەشبینم بە ئاستی ئەم یارییە لە هەولێر، چونكە یانەكان گرنگی باش بە ئاستی كچان دەدەن بەش بەحاڵی خۆشمان یانەكەمان تاكە یانەیە كە گرنگی تەواو بەم یارییە دەدات. لەو بڕوایەشدام ئاستی شاری هەولێر لە شارەكانی تر باشتر بێت.
* بە بۆچوونی تۆ وەكو یاریزانێك چی بكرێت باشە بۆبەرەوپێش چوونی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان؟
- كردنەوەی خولی بەردەوام بۆیاریزانان بۆئەوەی ئاستیان دانەبەزێت و مەشقی بەردەوام و یاریگای تایبەت وگرنگی تایبەت هەبێت بۆكچە یاریزانەكان ئەمانە هەمووی دەبنەهۆكار بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە لە كوردستان.
* بۆچی یاریزانی كچ كەم بەشداری فوستاڵ دەكەن ؟
-ئەم یارییە بەتایبەتی كوڕان زۆر ئەنجامی دەدەن، یاریزانی زۆر باشیش هەیە لەم یارییە،بەڵام دەبێ بەهرەكانیان بدۆزرێتەوە لەلایەن ڕاهێنەری تایبەتەوە ئەگەر ئەم كارە بكرێت بێ گومان رێژەی كچە وەرزشكاران زیاد دەبێت.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە ؟
- پێویستمان بەهۆڵی داخراو هەیە چونكە زۆر جار لە وەرزی زستان كە باران دەبارێت و سەرما و سۆڵ لێمان دەدات و لەوەرزی هاوینیش لەبەر تیشكی رۆژ مەشق دەكەین، بۆیە داواكارین گرنگیمان پێ بدەن و هۆڵێكمان بۆدروست بكەن.
* تۆ لە دوایین قۆناغی خوێندنی ئایا خوێندن رێگریت لێ ناكات لە وەرزش كردن ببێتە هۆی دابڕانت لەوەرزش؟
-ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی سەیری بكەین،بێ گومان كاریگەری دەبێت، بەڵام وەرزش بكەیت نابێ خوێندنەكەش پشتگوێ بخەی.
*بەچ یاریزانێك زۆر سەرسامی لەجیهان؟
- بەیاریزانی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی.
*هیواو ئاواتت چیە لەم یارییە وەكو كچە وەرزشوانێك؟
-بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بە تواناكانی كچە وەرزشكاران بدرێت لە گشت شارەكانی كوردستان و بتوانم گرنگی بە تواناكانی خۆم بدەم بۆئەوەی لە داهاتوو ببمە ئەستێرەیەك بۆشاری هەولێر.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر هاوكاریتان دەكات ؟
-زۆر سوپاسیان دەكەین بەردەوامی هاوكاری تەواوی یاریزانانی یانەكەن.
*داواكاریت چیە بۆیەكێتیی تۆپی پێی كوردستان؟
-بەهیوای ئەوەین خولی بەردەوامان بۆ بكەنەوە و پاڵەوانی خولەكانیش بچنە دەرەوە بۆئەوەی زیاتر گرنگی بە خولەكە بدرێت و خولەكەش بكرێت شێوازی یارییەكانی خول چوون و هاتن بێت.
*ئەگەر شتێكت لە كۆتایدا ما بێت ؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەین بۆخزمەتكردنی بواری وەرزش و بەهیوای ئەوەین جامی پاڵەوانێتیی فوتساڵی كوردستان بۆهەولێر بێت.

Top