سۆزی دڵشاد: یانـەی نەورۆز وەكو قوتابخانەیە بۆ پێگایەندنی یاریزانی پایسكلسواری كچ

سۆزی دڵشاد: یانـەی نەورۆز وەكو قوتابخانەیە بۆ پێگایەندنی یاریزانی پایسكلسواری كچ
سۆزی دڵشاد كچە یاریزانی تیپی پایسكلسواری یانەی نەورۆز و یاریزانی سەرەكیی هەڵبژاردەی عێراق، كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی بواری پایسكلسواری كوردستان و عێراق دەكات، لەسەرەتای دەستپێكردنی بە وەرزش لە یانەی نەورۆز بوو و تا ئێستاش بەردەوامە و خاوەن چەندین نازناوە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان و بەشداریی چەندین پاڵەوانێتی كردووە.
* كەی و چۆن پەیوەندیت بە یانەی نەورۆزەوە كرد؟
- خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم لە یانەی نەورۆز یاری دەكەم، ئەنجاممان زۆر باشە و تیپێكی باشمان هەیە، سێ ساڵ پێش ئێستا لە رێگەی قوتابخانەوە بوو،هەر ئەو كاتیش دەستم بەڕاهێنان كرد و تا ئێستاش بەردەوامم.
*كێ هاوكارت بوو؟
- سوپاسی راهێنەر دەكەم، هەروەها دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان كە هانی زۆریان داین هاوكاری زۆریان كردووین، پاڵپشتی ئەوانە كە ئێمە بەم ئاستە گەیشتووین.
* سەرەتا كە دەستت بە وەرزشی پایسكلسواری كرد، هەستت بەترس نەكرد لەرووی كۆمەڵایەتی و لەرووی متمانە بەخۆبوونیش؟
- سەرەتا كە هاتم بەراستی زۆر دەترسام، بەڵام ترسێكی زۆر نەبوو چونكە خۆم پێشتر پایسكیلم لێخوڕیوە، زیاتر متمانەم بەخۆم هەبوو، بەڵام شارەزاییم نەبوو تا ئەوەی وردە وردە بەم ئاستە گەیشتین و ئێستا بووینەتە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق.
* هەستت بەوە دەكرد رۆژێك دێت و ببیتە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق؟
- نەخێر هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوەو پێشبینی شتی لەو جۆرەشم نەكردووە.
*چۆن بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرایت؟
- بەهۆی بەردەوامی راهێنانمان و لە خولەكانیش ئەنجاممان هەبوو بۆیە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراین.
*پێشبینیت چییە بۆ داهاتووی تیپەكەت؟
- ئێمە بەردەوام راهێنان دەكەین، ئاستمان زۆر باشە و داهاتوویەكی باشیش چاوەڕێی تیپەكەمانە لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوودا ئەنجامی باشمان دەبێت، من پێم وایە تا ركابەری زیاتر بێت و یانەی تر هەبێت ئێمە بەرەو پێشتر دەچین.
* دەگوترێت نەورۆز هەر ئەو تیپەیە كە چەندین ساڵە هەیەو هیچ نەگۆڕاوە، واتە تیپەكەتان لەجێی خۆیەتی و یاریزانی دیاری تێدا هەڵنەكەوتووە، بۆ ئەوە چی دەڵێیت؟
- نەخێر وانییە، ئێمە كە سەرەتا هاتین نەورۆز بریتی بوو لە رۆژین و دەشنێ و چەند كچێكی دیكە، بەڵام ئێستا ئەوانە ماون، ئەو كات ئێمە سەرەتا بووین ئێستا نەورۆز بریتییە لە ئێمە چەند ساڵێكی دیكەیش یاریزانی دیكە دەردەكەوێت و ئێمە نامێنین، ئێستا چەندان كچە یاریزانی لاومان هەیە كە لەداهاتوودا دەبنە جێگرەوەی ئێمە.

Top