ئیسپانیا نازناوی مۆندیالی تۆپی دەستی بەدەستهێنا

ئیسپانیا نازناوی مۆندیالی تۆپی دەستی بەدەستهێنا
بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی جیهانی لە یاریی تۆپی دەست بەدەستهێنا كە یارییەكانی لە شاری بەرشلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا كۆتایی هات، لە یاریی كۆتایی مۆندیالی تۆپی دەستی 2013 هەڵبژاردەی ئیسپانیا رووبەڕووی هەڵبژاردەی دانیمارك بۆوە، یاریزانانی ئیسپانیا لەم یارییەدا باشترین ئاستی هونەریی خۆیان پێشكەش كرد و بە ئەنجامێكی گەورە سەركەوتنیان تۆماركرد بە سەر یاریزانانی دانیمارك، ئیسپانیا یارییەكەی بە ئەنجامی 35 گۆڵ بەرامبەر 19 گۆڵ بردەوە، هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ جاری دووەمە جامی جیهانی بەرزدەكاتەوە لە دوای ساڵی 2005 كە بۆ یەكەمجار نازناوەكەی بەدەستهێنا بوو، لەو كاتەی هەڵبژاردەی دانیمارك بۆ جاری سێیەمە لە یاری كۆتایی تووشی دۆڕاندن دێت لە دوای ساڵانی 1967 و 2011.
یەكێتیی تۆپی دەستی نێودەوڵەتی یاریزانی هەڵبژاردەی دانیمارك نیكلاس هانسۆن بە باشترین یاریزانی مۆندیالی 2013 دەست نیشان كرد لەو كاتەی یاریزانی هەڵبژاردەی دانیمارك ئەندرێس ئیگەرت خەڵاتی گۆڵكەری مۆندیالی وەرگرت بە تۆماركردنی 52 گۆڵ، پێكهاتەی نمونەیی مۆندیال پێكهات لە یاریزانان : نیكلاس لاندین – دانیمارك (باشترین گۆڵچی)، تیمۆر دیبیرۆڤ – روسیا (باشترین باڵی چەپ)، هانس لیدینبێرگ – دانیمارك (باشترین باڵی راست)، لازلۆ ناژی – هەنگاریا (باشترین بەرگری راست)، ئەلبرتۆ ئۆنتریرۆس – ئیسپانیا (باشترین بەرگری چەپ)، دۆماگۆج دۆڤنیاك – كرواتیا (باشترین پلای مێكەر)، یۆلن ئەگیناگالدی – ئیسپانیا (باشترین یاریزانی بازنە).
ریزبەندی كۆتایی مۆندیال تۆپی دەستی 2013 : 1- ئیسپانیا 2- دانیمارك 3- كرواتیا 4- سلۆڤینیا 5- ئەڵمانیا 6- فەرەنسا 7- روسیا 8- هەنگاریا 9- پۆلەندا 10- سربیا 11- تونس 12- ئایسلەندا 13- بەرازیل 14- مەقدۆنیا 15- بیلاروسیا 16- میسر 17- جەزائیر 18- ئەرژەنتین 19-سعودیە 20- قەتەر 21- كۆریای باشوور 22- مۆنتینیگرۆ 23- چیلی 24- ئوستورالیا.
جێگای ئاماژە پێكردنە یارییەكانی مۆندیالی داهاتوو لە ساڵی 2015 لە وڵاتی قەتەر ئەنجام دەدرێت.
Top