دلارام ئەحمەد:پێویستە قوتابخانەی تایبەت بۆ جیمناستیك بكرێنەوە

*چۆن بوو لە وڵاتی ئێرانەوە پەیوەندیت كرد بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر؟
-من سەرەتا لە وڵاتی ئێران یاری جیمناستیكم دەكرد لە یانەی مەهاباد لەوێش چەندین ئەنجامم بەدەستهێناوە،دواتریش لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر داواكرام منیش بەخۆشحاڵیەوە یانەكەم قبوڵ كرد.
*ئاستی یاری جیمناستیك چۆن دەبینی لە كوردستاندا؟
-ئەوەی ڕاستی بێت ئاستی ئەم یارییە ئەوەی من شارەزایی لەسەر بێت ئاستی باشە،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو ئاستە بەرزە نییە، بەڵام دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاستی بەرەوپێش دەچێت ئەگەر گرنگی باشی هەبێت.
* بۆبەرز كردنەوەی ئاستی یاری جیمناستیك چی بكرێت باشە؟
-پێم باشە لە قۆناغەكانی ئاستی تەمەن بچووك قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە بۆئەو یاریزانانەی كە ئارەزوویان هەیە بۆئەم یارییەو گرنگی زیاتریان پێ بدرێت، هۆڵی تایبەت بكرێتەوە بۆئەم یارییە رێژەی مامۆستایانی بیانی بهێنین بۆ مەشق پێكردن.
*كێشەو گرفتان چییە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر؟
هیچ كێشەیەكمان نییە وەكو تیپ، چونكە كارگێڕانی یانەكەمان گرنگی باشمان پێ دەدەن لە گشت روویكەوە لەدابین كردنی كەل و پەل.
* ئەی كێشەت بۆدروست نابێت كە لە یەك كاتدا دوو كار دەكەی هەم وەكو یاریزان هەم وەكو ڕاهێنەریش؟
-من خۆشەویستیم زۆر بۆ ئەم یارییە هەیە بۆیە هەمیشە من كاتەكانی خۆم ئامادەكردوە بۆئەم یارییە بۆیە لە پاڵ ئەنجامدانی یاری كردنم و خزمەتی هەموو ئەو یاریزانانەش دەكەم كە پێویستیان بەمن بێت.
*كێشەی یانەكانی كوردستان لەچی زیاتر ڕەنگ دەداتەوە؟
- ئەوەی من تا ئێستا تێبینم كردبێت، نەبوونی هۆڵی تایبەت كێشە بۆ پێگەیینی یاریزانان دروست دەكات.
*هەست ناكەی رێژەی یاریزانانی ئافرەتی جیمناستیكار كەمە لە كوردستان؟
-رێژەیەكی باشە بەڵام وەكو پێویست نییە چونكە ئەو رێژەیە زۆرە نییە كە لە پاڵەوانێتەكان دەردەكەون،بەهیوای ئەوەم زیاتربن.
* حەزدەكەی وەكو كچە كوردێك هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك بیت لە یاریزانەكانی؟
-ئەوە هیوای منە زۆر بەخۆشحاڵیەوە حەزدەكەم لە پاڵەوانێتیەكی دەرەوە بە ناوی هەڵبژاردەی كوردستان بەشداربم.
* بەرنامەت چییە وەكو كچە وەرزشكارێك لە یاری جیمناستیك؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم بەرنامەیەكی تۆكمە دابنێم بۆخزمەت كردنی ئەم یارییە و یانەی پێشمەرگەی هەولێریش یەكێك بێت لە یانە بەهێزەكان و تیپێكی ئاست بەرزیش بۆئەوان دروست بكەم.
*بەچ یاریزانێك زۆر سەرسامی لە یاری جیمناستیك؟
-بەكچە یاریزانی ئێرانی مریەم كە یاریزانێكی ئاست بەرزە.
* هیواو ئاواتت چییە وەكو یاریزانێك لە یاری جیمناستیك؟
-یاری جیمناتسیك یارییەكی گرنگە لەجیهان و گرنگی زۆریشی هەیە منیش بەهیوای ئەوەم لە پاڵەوانیتێكی جیهانی بەشداربم و بتوانم ئەنجامێكی گەورەی جیهانی تۆماربكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-سوپاس بۆگۆڤاری گوڵانی خۆشەویست بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بە وەرزش بدەن و خزمەتی هەموو یارییە تاكەكان بكەن.
