لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا یانەی كەركوك بڕیاری ئەوەی داوە كە سەرجەم چالاكییەكانی لەخولی بژاردەی عێراق هەڵپەسێرێت، بەهۆی ئەو كێشە داراییانەی كە دووچاری یانەكەی بووە، هەرچەندە یانەی كەركوك ئەم وەرزە لە خولی بژاردەی عێراقی وەكو یانەیەكی كوردستانی بەشداربووە، بەڵام لەسەرەتای خولەكەوە تاكو ئێستا هەر بەدەست كۆمەڵێك كــــێشەی جۆراوجۆر دەناڵێنێت، بەتایبەتیش نەبوونی توانایەكی دارایی باش كە ئەم خولە پێویستی بە پارەی زۆرە، لەگەڵ نەبوونی پاسێكی تایبەتی بۆ گواستنەوەی یاریزانانی بۆ یارییەكان،لەم بارەشەوە رێبوار تۆفیق ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی كەركوك بە گوڵانی گوت: رۆژ بەرۆژ كێشەكانم زۆرتر دەبن بۆیە ئێمە ناتوانین بەم شێوەیە بەشداربین لەخولی بژاردە بەردەوام بین، تاكوئێستا بڕی گرێبەستی یاریزانانمان نەداوە ئەوەش كێشەمان بۆدروست دەكات بۆیە دوایین مۆڵەتمان داوە بە لایەنی پەیوەندیدار، جا ئەگەر هەتا سەرەتای مانگی داهاتوو هاوكاریمان نەكەن، ئەوا لە خولی بژاردەی عێراقی پاشەكشە دەكەین و تەنیا لەخولی كوردستاندا بەردەوام دەبین.