عزەدین عەسكەر ڕاهێنەری یانەی كەركوك: خولی كوردستان كێبڕكێی خۆشترە و ئاستی لە خولی عێراق بەرزترە

عزەدین عەسكەر ڕاهێنەری یانەی كەركوك: خولی كوردستان كێبڕكێی خۆشترە و ئاستی لە خولی عێراق بەرزترە
عزەدین عەسكەر جەلال لە دایكبووی ساڵی 1963ی شاری كەركوكە و یەكێكە لە وەرزشوانە دێرینەكانی شارەكە ماوەیەكی زۆرە لە خزمەتی ورەزشی شارەكەدایە،، پێشتریش وەكو ڕاهێنەر لەگەڵ هەریەك لە یانەكانی زاخۆ وسۆلاڤ وكەیوان ویانەی كەركوك كاری كردوە، لەگەڵ لاوانی كەركوك وەكو ڕاهێنەر نازناوی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوە، پێشتریش وەكو یاریزان لە یانەكانی كەركوك و سەورە و سۆلاڤ و زاخۆ و سێمێل وئاسایشی دهۆك و هەڵبژاردەی كەركوك و زانكۆی موسل یاری كردووە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
* چۆن بوو مەشقی یانەی كەركوكت لە ئەستۆ گرت؟
- دوای تێپەربوونی دوو یاری لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان، دەستەی كارگێڕی یانەی كەركوك پەیوەندییان پێوە كردم و منیش ڕازی بووم بەم ئەركە، دوای وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی،توانیمان تیپەكە لە كۆمەڵێك یاریزانی لاوی خولی عێراق و كوردستان ئامادە بكەین و بە شێوەیەكی زۆر باش ئەنجامەكانیشمان باشترین دەستكەوتن.
* ئاستی ئەمساڵی خولی كوردستان چۆن دەبێنیت؟
- ئاستی خولی نایابی كوردستان ساڵ بە ساڵ بەرەو وباشتر دەچێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چالاك بوونی یەكێتیی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان، من لێرەوە دەست خۆشیان لێ دەكەم، ئەمساڵ ئاستی خولی كوردستان زۆر لە پار باشترو بەهێزترە.
*پێشبینی چی دەكەیت بۆ ئەنجامی یانەكەتان؟
- من لەو بڕوایەدام كە یانەی كەركوك ئەم وەرزە لە خانەكانی پێشەوە دەبینرێت، چونكە گۆڕانكاریی باش لە بناغەی تیپەكە كراوەو زۆربەشیان یاریزانی لاون.
* بیستوومانە گۆڕانكایبی لە پێكهاتەی یانەكەتان دەكەیت لە قۆناغی دووەمدا؟
- پەنا بەخوا ئەگەر پاڵپشتی دارایی هەبێت بۆ یانەی كەركوك، یەك تا دوو یاریزانی پیشەگەری دەرەوەی وڵات دەهێنمە ریزی یانەكە.
* ماوەی یەك هەفتە خولی عێراقیشت وەرگرت، بۆچی دواتر داوای لێ بووردنت لە دەستەی كارگێڕی كرد ؟
- لە ڕاستیدا ئەركی راهێنەرایەتی شتێكی وا ئاسان نییە، شاری كەركوكیش لە دڵمدا زۆر شیرینە، بەتایبەتی یانەی كەركوك، بۆیە زۆر ئەستەم بوو بۆ من زۆریش كارێكی گران بوو كە لەیەك كاتدا دوو تیپ بەڕێوەببەم، وام پێ باشتر بوو كە خولی كوردستان كێبڕكێی خۆشترە و ئاستی لە خولی عێراق بەرزترە،زیاتر لەگەڵ كاپتن سەواش قادری یاریدەدەرم گفتوگۆمان كرد كە لە خولی كوردستان بمینێنەوە، بۆیە داوای لێ بووردنم لە دەستەی كارگێڕی یانەكە كرد.
*بە بۆچوونی تۆ هاتنی ئەم هەموو یاریزانە بیانییە بۆ یانەكانی كوردستان تاچەند سوودی دەبێت؟
- بە بۆچوونی من وەكو ڕاهێنەرو وەرزشوانێك هیچ سوودێكی نییە، چونكە یاریزانی كوردی خۆمان بێ بەش دەبێت لە یاریكردن و كەم ئەزموون دەبێت بۆدوا رۆژ، دەبێت بناغەی تۆپی پێی كوردستان زیاتر بەهێز بێت بە بەشداری كردنی یاریزانی كورد.
* پێت باشە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە لە كوردستان؟
- بەلێ زۆر پێویستمان بە كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەیە چونكە بناغەی تۆپی پێی كوردستانی تێدایە، من لە ئێستاوە ئامادە بە خۆبەخش كاربكەم ئەگەر قوتابخانەیەكی لەم جۆرە بكرێتەوە.
* یانەی كەركوك ئاستی وەكو پێویست نییە لە یارییەكەوە بۆیارییەكی دیكە دەگۆڕیت، هۆكاری چییە؟
- زۆر ڕاستە چونكە یانەی كەركوك بەردەوام قوتابخانەی یاریزانانی تۆپی پێی بووە، ئەمساڵ زۆربەی یاریزانانی یانەی كەركوك چوونەتە یانەكانی دیكە بەهۆی نەبوونی توانایەكی دارایی باش روویان لە یانەكانی دیكە كردوە، ئەم تیپەی ئێستای یانەكەش كۆمەڵێك یاریزانی لاو وچەند یاریزانێكی دیكەی خاوەن ئەزموون تاكو بتوانین ئاستی ڕابگرین و پێویستمان بەكاتە پەنا بەخوا رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی تیپەكە باشتر دەبێت.
*یانەی كەركوك بەردەوام گلەیی ئەوە دەكات كێشەی دارایی هەیە، كێشەكانی ئێوە چیە؟
-بەڵێ ڕاستە و یانەی كەركوك كێشەی دارایی هەیە، ئەگەر كێشەی دارایی نەبووایە بۆچی یاریزانەكانیان ڕیزی یانەكەیان بەجێدەهێشت، بۆیە هیوادارین بەرپرسانی حكومەت ئاوڕێك لە یانەی كەركوك بدەنەوە.
* خولی كوردستان بەهێزترە یان عێراقی وهۆكاری چییە؟
-بە بۆچوونی من خولی كوردستان بەهێزترە چونكە ئاستی بەرەو بەرزبوون دەڕوات، ڕاهێنەرانی كوردستان ساڵ بەساڵ دەچنە خوولەكانی بەهێزكردن لە دەرەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە ئاستی یانەكانی بەرەو پێشتر بچێت.

Top