هەموو ساڵێك لەگەڵ دەست پێكردنی خوولەكانی كوردستان قەیرانی سەختی دارایی روو لەو یانانە دەكات كە هیچ سەرچاوەیەكی دارایی باشیان نییە، یەكێك لەم یانانەش یانەی هەڵۆی دەڤەری بارزانە كە ئەم یانەیە لەسەر دەستی كۆمەڵێك لە كوڕە شەهید و ئەنفالەكانی دەڤەری بارزان ئەم یانەیە دامەزراوە بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر یانەكە بەڕێوەچووە و قۆناغەكانی بڕیوە و گەیشتۆتە خوولی نایابی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا یانەكە لە قەیرانی داراییدایە و هیچ كەسێك خۆی لێ ناكاتە خاوەنی و سەرەڕای ئەوەش لە دەرگای چەندین بەرپرسیان داوە بەمەبەستی هاوكاری كردنی یانەكەیان بۆئەوەی لەم قەیرانە رزگارییان بێت، لەم بارەشەوە ئەحمەدخەلیل سەرۆكی یانەی هەڵۆ بەگۆڤاری گوڵانی گوت: ئێمە هەموو ساڵێك لە سەرەتای خولی كوردستان تووشی گرفتی دارایی دەبینەوە، ئەم قەیرانەش كێشەیەكی سەرەكیی یانەكەمانە، هەموو ساڵێك چەندین بەڵێنمان پێ دەدرێت لەلایەن چەندین بەرپرسی حزبی وحكومی، بەڵام بەڵێنەكان تەنیا قسەیە و هیچی دیكە نییە، ئێمە بەردەوام سەردانی هەمووشییان دەكەین بۆئەوەی هاوكارییەكەمان پێی بدەن بەڵام هیچمان بۆناكرێت، ئەگەر بارودۆخی یانەكەمان بەم شێوەیە خراپ بێت لە دوای تەواو بوونی یارییەكانی قۆناغی یەكەمی خولی كوردستان ئەوا لە خوولەكە پاشەكشە دەكەین، دوومانگ دەبێت پارەی هیچ یاریزانێكی یانەكەمان نەداوە تەنیا بە هاوڕێیەتی یاریزانەكانمان ڕاگرتووە، ئەگەر ئەواش بڕوات ناتوانین لە كارەكانمان بەردەوامبین.