عائیشە حەمەد یاریزانی تۆپی فوتساڵ: لە پاڵ خوێندنەكەم لایەنی وەرزشییش فەرامۆش ناكەم

عائیشە حەمەد یاریزانی تۆپی فوتساڵ: لە پاڵ خوێندنەكەم لایەنی وەرزشییش فەرامۆش ناكەم
عائیشە كچە یاریزانی تۆپی فوتساڵی یانەی ئافرەتانی شاری هەولێرە یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی شاری هەولێرو یانەی ئافرەتانی هەولێر لە ئێستادا سەرقاڵی پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستانە، لە ماوەی ڕابردودا توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی كوردستان بەدەست بهێنێت، یانەی ئافرەتانی هەولێر، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی1993ی شاری هەولێرە،ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی یاریی فوتساڵ لە كوردستان چۆن دەبینیت ؟
-ئاستی ئەم یارییە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بوونی چەندین یانە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو بڕوایەشدام ساڵ بەساڵ ئاستی ئەم یارییە باشتر دەبێت، تەواوی یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا.
*ئاستی پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستان ئەم ساڵ لەچ ئاستێكدایە؟
- ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرزە و یانەكانیش زۆر بەهێزن و ئاستیان باشە، هەندێكیشان ئاستیان زۆر لێك نزیكە ئەمساڵیش بەش بەحاڵی خۆم خۆشحاڵم بە ئاستی ئەم پاڵەوانێتییە،چونكە یانەكەشمان توانی بۆیارییەكانی پێش كۆتایی سەركەوێت.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە ؟
- پێم باشە خولی بەردەوام بكرێتەوە بۆیاریزانان بۆئەوەی ئاستیان هەر لە پێشوەچوون بێت، یاریگای تایبەت وگرنگی تایبەت هەبێت بۆكچە یاریزانەكان لەو بڕوایەدام دەتوانین باشترین ئاست پێشكەش بكەین، لەگشت شارەكان و چەندین پشتگیری زیاتر بێت ئاست زیاتر بەرەو پێشتر دەچێت.
* هەست ناكەیت یاریزانی كچ كەم بەشداریی ئەم یارییە دەكەن ؟
-هەندێك جار كۆمەڵگە رێگا نادات، بەڵام لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە زۆر بەرەو پێش چووە وكچان زیاتر ڕوو لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەكەن بەتایبەتی لە شارەكانی كوردستان.
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چییە ؟
- تەنیا پێویستمان بەهۆڵی داخراو هەیە چونكە كە دەبێتە باران و یاخود لەبەر تیشكی رۆژ راهێنان دەكەین، ئەگەر هۆڵێكی داخراومان بۆدروست بكەن كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.
* تۆ قوتابی لە قۆناغی ئامادەیی خوێندن رێگریت لێ ناكات لە وەرزشكردن ؟
-ئەگەر بێتە سەر واقیع بە تەئیكد كێشەم بۆ دروست دەبێت، بەڵام هەوڵم داوە لە پاڵ خوێندنەكەم لایەنی وەرزشیەكەش فەرامۆش نەكەم بۆیە هەردووكیان بە شێوەیەكی باش ئەنجام دەدەم.
*بەچ یاریزانێك زۆر سەرسامی لەجیهاندا؟
- بە لیۆنیل میسی، ئاستی ئەم یاریزانەم زۆر پێباشە و یەكێكە لە ئەستیرە بەتواناكانی تۆپی پێیە.
*هیواو ئاواتت چییە لەم یارییە ؟
-هیوادارم بتوانین نازناوی خوولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان بۆخۆمان بێت و هەمیشە پێشەنگ بم ئاستی خۆم زیاتر گرنگی پێبدەم.
*داواكاریت بۆ یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان؟
-داواكارین بەردەوام هاوكاریمان بكەن وخولمان بۆ بكەنەوە، ئەگەر خولەكان بەشێوازی چوون وهاتن بێت و ئەگەر بكرێت ساڵانە دووخوولمان بۆ بكرێتەوە زیاتر گرنگی بەتواناكانی كچانیش بدەن لە پاڵ تواناكانی كوڕان
*بەڵێنی چی بەهاندەرانی یانەكەت دەدەیت كە ئەم ساڵ بەشدارن لە خوولی فوتساڵ؟
-پشتیوان بەخوای گەورە دەتوانین نازناوی خوولەكە بەدەست بهێنین و سەری یانەكەمان و شاری هەولێر بەرز بكەینەوە.
*ئەگەر شتێكت لە كۆتایدا مابێت ؟
-سوپاس بۆگوڵانی خۆشەویست بەهیوای ئەوەم زیاتر خزمەتی وەرزش بكەن لە كوردستان و گرنگیی زیاتر بە ئافرەتانی وەرزشكار بدرێت، لایەنی بەرپرسیش زیاتر پشتیوانی تیپەكانی ئافرەتان بكەن.

Top