فرزاد محەمەد یاریزانی دێرینی شاری دهۆك: وەرزشی كۆن تـەنیا پێــوەندی خۆشەویستی بوو لە نێوان یاریزانان
* لە چ ساڵێك هاتیتە نێو دنیای وەرزشییەوە ؟
- من سەرەتا لە قوتابخانە دەستم بە وەرزشی جۆراوجۆر كرد، بەتایبەتی ئەوكات لە قۆناغی ناوەندی بووم، بەردەوام هەردوو یاری تۆپی پێ و باسكەم دەكرد .
*جیاوازیی وەرزش لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا چۆن دەبینیت ؟
- ناتوانیت وەرزشی دوێنێ و ئەمڕۆ یەكسان بكەیت، وەرزشی كۆن تەنیا پەیوەندی و خۆشەویستی بوو لە نێوان یاریزانان زیاتر لە جاران، بەڵام ئێستا وەرزش بۆتە پارە و سەرچاوەی كاسبی یاریزانان.
*پێت باشە لە ئێستادا بۆ پێشكەوتنی وەرزش لە كوردستاندا چی بكرێت ؟
- لە ئێستادا حكومەت بەردەوام هاوكاری وەرزش دەكات،بەڵام شتێكی گرنگتر ئەوەیە كە یانەكان پشت بە ژێرخانی خۆیان ببەستن، چونكە هەتا كەی حكومەت یانەكان بەڕێوە ببات،پێویستە یانەكان خۆیان پێبگەیەنن ئێستا چەندین یانەی بەناوبانگ هەیە وەكو هەولێرو دهۆك و سلێمانی و زاخۆ كە ئەوانیش پێویستیان بە پارەیەكی زۆرە وەكو گرێبەستی یاریزانان و چەندین شتی گرنگتریش.
*بەبۆچوونی تۆ ئێستا كێشە و گرفتی وەرزش لە چی دەبینیت؟
- سەرچاوەی هەموو كێشەكانی ئێستای وەرزش تەنیا پارەیە.
*هەست ناكەی ئێستا وەرزش بەشێكی زۆری بۆتە پارە ئەگەر پارەت نەبێ كارەكانی وەرزشت پی بەڕێوەناچێت؟
- لە ئێستا هیچ شتێك بێ پارە ئەنجام نادرێت، پێش هەموو شتێك كە یاریزانەكە قسەی لەگەڵ دەكەیت باسی بڕی گرێبەستەكەی دەكات.
*ئەو یاریزانانە كێ بوون كاتی خۆی لە شاری دهۆك لەگەڵ ئێوە وەرزشیان دەكرد ؟
- داود رەبەن و هانی عەبدولكەریم رەحمەتی خوای لێ بێت وعەبدوڵڵا سەعید ومحەمەد مەلا ئەحمەد خوای لێ خۆش بێت لە یاری باسكە،حەمید ئەحمەد وجەودەت و رۆبێرت وگەلێك برادەری دیكەیش لە یاری تۆپی پێ لە شارەكەمان بووكە جێگای پەنجەیان دیار بووە.
*یادەوەرییەكی خۆش یان ناخۆش لە وەرزش كردنت ڕویدابێت،كە تاكو ئێستا لە خەیاڵی تۆ دامابێتەوە ؟
- شتی خۆش ئەوە بوو كە ئێمە وەكو هاوڕێ بەیەكەوە وەرزشمان دەكرد هاوریەتیەكەمان رێك و رەوا بوو، بەڵام ئێستا هاوڕێیەتی هەمووی بەرژەوەندییە، هیچ شتێكی ناخۆش رووینەداوە.
*چی بكرێت باشە بۆبەرەو پێشچوونی وەرزش؟
-پێویستە حكومەت تاڕادەیەكی باش پشتیوانیی وەرزش بێت بۆیانەكان، بەڵام یانەكانیش نابێت بەم شێوەیە هەر پشت بەحكومەت ببەستن، بەردەوام هانی لایەنی پەیوەندیدار بدرێت بۆ دروست كردنی پرۆژەی وەرزشی جۆراوجۆر و كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزان.
*لە ئێستادا موژدەیەكی خۆش بە وەرزشوانانی دێرین دراوە كە ئەمساڵ مووچەكانیان بۆدەگەڕێـتەوە تۆ لەم بارەیەوە چی دەڵێیت ؟
- كارێكی یەكجار باش بوو بۆباشتر كردنی بژێوی ژیانی وەرزشوانان، موژدەیەكی زۆر باش بوو بۆ وەرزشوانان ئەم رێز گرتنە لە خزمەتی ئەو وەرزشكارانەیە ئەوەش بۆوەرزشوانان گرنگە كە ئەوانیش دەزانن حكومەت چاوی لە خزمەتەكانی ئەوان بوو.بەڵام من پێم باشە وەرزشوانانی شارەكان دیاری بكرێن.
*ماوەیەك لە یانەی پێرس كارت دەكرد بۆچی وازتهێنا؟
-من ئێستا لە نوێنەرایەتی دهۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان كاردەكەم بۆیە نەمتوانی لەوێ بەردەوام بم لە كاركردن.هەر چەندە زۆریش لە یانەی زێرەڤانی ئێستا پێیان گوتم بەڵام پێم نەكرا.
*هێنانی یاریزانی دەرەوە بۆیانەكانی كوردستان تاچەند سوود بە وەرزشی كوردستان دەگەیەنێ؟
- لە ئێستادا وەرزش بۆتە ئەنجام نەك پێگەیاندنی یاریزانان هەر ڕاهێنەرێك بێت داوای ئەنجامی لێ دەكەن، ڕاهێنەرەكانیش تەنیا ئەنجامیان دەوێ بۆبەرژەوەندی خۆیان و بەڵام هەرگیز ئەمە نابێتە هۆی پێشكەوتنی ئاستی وەرزشی كوردستان.ئەگەر خولی كوردستان نەبوایە هەر گیز ئێستا وەرزش بەم شێوە نەدەبوو.
*بەرنامەت هەیە بۆباش بوونی وەرزش لە شاری دهۆك؟
-ئێمە وەكو لایەنی پەروەردەیی هەر لەسەرەتای ساڵ تاكو كۆتایی بەرنامەی تایبەتمان دەبێت بۆپێگەیاندنی یاریزانان لەشاری دهۆك، بەردەوام چالاكیمان دەبێت.
*ئەگەر شتێكت لە كۆتایدا مابێت ؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست دەكەم، كە ئەركتان كێشاوە سەردانی دهۆكتان كردووە بۆبەسەركردنەوەی وەرزشوانانی دێرین، بەڕاستی جێگای دەستتان دیارە لە خزمەتكردنی وەرزش لە شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
