موهەننەد عەبدولرەحیم:دەستنیشانكردنم بە باشترین یاریزانی ئاسیا ئەركم قورستر دەكــــات و هەرگیز یانەی دەهۆك جێناهێڵم

* با لەوە وە دەست پێبكەین بزانین چۆن بوو لە بەغداوە پەیوەندیت بە یانەی دهۆكەوە كرد؟
- من لەسەرەتای ئەم وەرزە كە دوای ئەوەی كارگێڕانی یانەی دهۆك پەیوەندیان پێوە كردم منیش بەخۆشحاڵیەوە گرێبەستەكەی یانەی دهۆكم قبوڵ كرد.
*ئەم وەرزە خولی عێراقی چۆن دەبینی بە گشتی؟
- ئەمساڵ باشترە لە ساڵی ڕابردوو چونكە كۆمەڵێك یاریزانی بیانی روویان لە خولی بژاردەی عێراقی كردووە، شتێكی دیكەیش ئەم وەرزە هەموو یانەكان لە یەك خول كۆبوونەتەوە نەك كرابێت بە چەند كۆمەڵێك، ئەوەش بەهێزییەكی دیكەی داوەتە خولەكە ئامادەكارییەكانی یانەكانیش بەشێوەیەكی زۆر باشتر بوون لە چاو ساڵانی دی، ئەم وەرزەش خولی عێراقی گرانترە بۆ یانەكان چونكە لە گشت روویەكەوە ئامادەكاری باش كراوە.
*بۆچی یاریزانەكانی شارەكانی بەغدا و شارەكانی باشوور زیاتر روو لە یانە كوردستانییەكان دەكەن؟
- دووساڵ پێش ئێستا بارودۆخی عێراق بەم شێوەیە باش نەبوو، بەڵام لە كوردستان بە پێچەوانەوەی شارەكانی دیكەی عێراقی بارودۆخ ئارامە وخۆشە لێرە نیزامی پیشەگەر هەیە لەوێ نییە بەمەبەستم شارەكانی دیكەیە، یانەی بەهێز لە كوردستان بوونیان هەیە وەكو یانەكانی هەولێرو دهۆك و چەندین یانەی دیكە، هەر كەسێكیش پیشەگەر بێت هەلێكی زێڕینە بۆئەوەی لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە دەربكەوێت و ئاستی خۆی پێشكەش بكات، پیشەگەری یاریزان زۆر گرنگە چونكە یاریزان دەباتە قۆناغێكی دیكە خەڵك دەیناسێت لەوێ دەتوانێ بوونی خۆی بسەلمێنیت.
*ئەو كێشەو گرفتانە چین لە یانەی دهۆك ڕووبەڕووتان دەبێـتەوە؟
-سوپاس بۆخوا دەستەی كارگێڕی یانەكەمان هەموو پێداویستیەكانی ئێمەیان دابین كردووە ناهێڵن هیچ كەم و كوڕییەكمان هەبێت.
*لە ئێستادا یانەی دهۆك لە سێ خاڵ بەشداردەبێت چی بە هەوادارانی یانەی دهۆك دەڵێیت؟
- بەهیوای ئەوەم جامی عێراق و خولی بژاردەی عێراق بەدەست بهێنم لەگەڵ یانەی دهۆك و لە پاڵەوانێـتی ئاسیاش ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەین و ناوی دهۆك بەرز كەینەوە، ئەنجامی یانەكەشمان بەرەو پێشبچێت.
*لە پاڵەوانێتیی ئاسیای لاوان ئاستێكی شایستەت پێشكەش كرد، بۆچی لە یاری كۆتایی بەرامبەر كۆریا تووشی شكست بوون؟
- لە یاریمان بەرامبەر كۆریا ئێمە وامانزانی كەوا یارییەكە تەواو بووە ئێمە جامەكەمان بردەوە لە خۆشیان وامان لێهاتبوو چونكە ئەوەمان زانی كە سەد لەسەد جامەكە بۆئێمەیە، بەڵام لە خولەكی 92ی یارییەكە كە گۆڵمان لێكرا و بارودۆخی یاریزانەكانمان تێكچوو، ئەگەر نا هیچ پاڵەپەستۆیەكمان لەسەر نەبوو تەنیا ئەوە بوو كە یاریزانەكان لەخۆبایی بوون.
*لە میدیاكانی عێراقی باسی ئەوە دەكرێت كە گرێبەستێكی زۆرت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی كەنداو تاچەند ئەم هەواڵانە ڕاستن؟
-شتی وا نییە هیچ گرێبەستێكم بۆنەهاتووە لە كەنداو ئەگەر بۆشم بێت من یانەی دهۆك جێناهێڵم و پەیوەست دەبم بە گرێبەستەكەم لەگەڵ یانەی دهۆك.
*هیواو ئاواتت چییە وەكو یاریزانێكی لاو كە هێشتا زۆرت ماوە بۆئاستی شایستەتر؟
- ئەوەی ڕاستی بێت من هەلم لەبەردەست ماوە دەمەوێت گرنگی بە ئاستی خۆم بدەم، لە ئێستاشدا زۆر سەر بڵندم كەوا نوێنەری یانەی دهۆك لە دەرەوە و ئاستم زۆر باشە و هەوڵدەدەم ئە ئاست بەرزیەم بپارێزم.
*زۆر باسی ئەوە دەكرێ لە یانەی ئۆنجی فەرەنسی بە فەرمی گرێبەستت پێشكەش كراوە ئەم دەنگۆیانە تا چەند ڕاستن؟
-یانەی ئۆنجی هیچی بەفەرمی بۆمن نەناردوە تا من قسەی لێوە بكەم ئەوە تەنیا قسەی راگەیاندنەو هیچی دیكە نییە بەڵام ئەوە دەڵێم لەگەڵ یانەی دهۆك زۆر ئاسوودەم.
* شەرەفی باشترین یاریزانی ئاسیات پێبەخشرا هەست بەچی دەكەی ئێستا؟
- ئەوە بۆمن گەورەییەكی زۆر بوو زۆر هەست بەخۆشحاڵی دەكەم دڵخۆشم بەو شەرەفە گەورەیە هەولیش دەدەم ئەم ئاست بەزریەم بپارێزم و چونكە ئێستا ئەركم قورستر دەبێت، هەوڵیش دەدەم ئاستم بەرەو پێشتر ببەم.
*زۆر جار كە یاریزانانی عێراقی كە دەگاتە لوتكەی یاری كردن تاڕادەیەك لە خۆبایی دەبێت ئایا تۆش بەهەمان شێوە دەبێت؟
- باوەڕ ناكەم ئەمە لەمن بەدی بكرێت و ئەوەی لە نزیكەوە من دەناسێت دەزانێ من بەم شێوەیە نیم وبە پشتیوانی خوا هەوڵدەدەم كەسێكی باش بم.
*هەوڵدەدەیت ببیتە گۆڵكاری خولی عێراقی ئەم وەرزە؟
- گرنگ ئەوە نییە من ببمە گۆڵكاری عێراقی گرنگ ئەوەیە یانەی دهۆك سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
*ئەگەر گرێبەستێكی گران بەهاترت بۆ بێت ریزی یانەی دهۆك جێدەهێڵیت؟
- من ناچمە هیچ یانەیەكی دیكە چونكە یانەی دهۆك هەموو شتێكی بۆدابین كردووین دەستەی كارگێڕیی یانەی دهۆك و هاندەرانی یانەكە زۆر رێزمان دەگرن.
*بەڵێنی چی بە هاندەرانی عێراق دەدەیت لە جامی جیهانی لاوان ؟
- بەڵێنی ئەوە دەدەین كە ئاستمان باشتر بێت ونیازی ئەوەمان هەیە زیاتر خۆمان ماندوو بكەین، لەم پاڵەوانێتیە ئاستی هەڵبژاردەی عێراق بەرەو پێشتر ببەین، دەستكەوتێكی گرنگ بەدەست بهێنین بۆمێژوو.
*حەزدەكەیت بۆماوەی زیاتر لە كوردستان بمێنیتەوە؟
- ئێستا من لە دهۆكم نازانم لە داهاتوو چی روودەدات.
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-سوپاسی گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست دەكەم، كە ئەركتان كێشاوە سەردانی دهۆكتان كردووە لێرەوە دەست خۆشیتان لێ دەكەم بەهیوای ئەوەم بەردەوام گۆڤارەكەتان لە پێشكەوتن بێت.
