شاندێكی سلێمانی و كەركوك لە ئیسپانیا چەند پرۆتۆكۆڵێك ئیمزا دەكەن
شاندێكی وەرزشی هەردوو شاری سلێمانی و كەركوك دەچنە ئیسپانیا و سەرەرای سەردانكردنی چەندین دامەزراوەی گرنگ لەو وڵاتە چەند پرۆتۆكۆڵێكیش ئیمزا دەكەن.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بەسایتی یانەی وەرزشی سلێمانی هەردە رەوف سەرۆكی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان رایگەیاند بەهاوكاری بەڕێز دابان شەدەڵە نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئیسپانیا تائێستا چەندین دیدار و كۆبونەوەی گرنگمان ئەنجامداوەو ئەنجامی ئەو كارانەش ئیمزاكردنی چەند پرۆتۆكۆڵێكی وەرزشی بووە.
لەسەرەتای لێدوانەكەیدا بۆسایتی یانەی سلێمانی هەردە وتی یەكێك لەسەردانە گرنگەكانمان بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بوو، كەلەلایەن خاوەنی ئەو یانەوە بەئامادەبونی چەند كەسایەتیەكی وەرزشی ئیسپانیا نیوەرۆخوانێكمان بۆ رێكخراو دواتریش لەكۆبونەوەیەكی نێوان هەردولادا لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید رێكەوتنێكمان ئیمزا كرد تاوەكو لەكوردستان خولێك بۆ راهێنەران رێكبخەن و شاندێكیش لەراهێنەرانی كوردستان بۆ بینینی چەند خولێك و سەرپەرشتی كردنی یاریی بچنە ئیسپانیا.
هەردە وتیشی " لەسەردانمان بۆ بارەگای یەكێـتی تۆپی پێی ئیسپانیا لەگەڵ جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا كۆبوینەتەوەو چەندین باسی گرنگمان تاووتوێ كرد و لەكۆتاییشدا بەڕێزیان نەخشە رێگای هەڵبژاردەی ئیسپانیای لەساڵانی شەستەكانەوە تادەستەبەركردنی مۆندیالی 2010 پێشكەشكردین، كەئەوەش سودی زۆری دەبێت بۆ برەو دان بەكەرتی وەرزش و رێكخستنی كارەكان و دانانی نەخشە رێگایەكی ئەكادیمیانە بۆ تۆپی پێی كوردستان".
لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا سەرۆكی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆلۆمپی وتی "لەگەڵ لیژنەی ناوبژیوانانی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا رێكەوتون تاوەكو كەسانی پسپۆر و شارەزا لەبواری ناوبژیوانیدا بەمەبەستی كردنەوەی خول بۆ ناوبژیوانانی كوردستان بنێرن بۆ هەرێمی كوردستان".
هەردە رەوف لەبارەی چالاكیەكانی رۆژی 20ی مانگ بە سایتی یانەی سلێمانی راگەیاند " رۆژی پێنجشەممە سەردانی بارەگای لیژنەی ئۆلۆمپی ئیسپانیامان كردو لەلایەن بەرپرسی پەیوەندیەكی دەرەوەی لیژنەكە پێشوازی كراین و بەڵێنیان پێداین بەپێی توانا و شارەزایی خۆیان هاوكاری لیژنەی ئۆلۆمپی و وەرزشی هەرێمی كوردستان بن".
هەردە رەوف بارام كەجێگری سەرۆكی یانەی سلێمانیشە وتیشی رۆژی هەینی داوەتی یاری نێوان هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و سیلتاڤیگۆ كراین و لەلایەن سەرۆكی یانەكەی شاری مەدریدیشەوە بەناوی ئەندامانی شاندەكەشەوە درێسی رادمێل فاڵكاوی ئەستێرەی ئەو یانەیەمان پێدرا.
ئاماژەی بەوەشدا ئامادەی بینینی یاریەكی تۆپی دەستی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بون لەخولی ئیسپانیاداو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو یانەیەشدا رێكەوتون تاوەكو هاوكاری تۆپی دەستی كوردستان بكەن.
شاندی وەرزشی شارەكانی سلێمانی و كەركوك لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئیسپانیا و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی ماوەی چەند رۆژێكە لەئیسپانیایەو شاندەكەش پێكهاتووە لەمامۆستا سەڵاح محەمەد كەریم جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان سەرۆكی شاند و بەڕێزان هەردە رەوف بارام سەرۆكی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆلۆمپی و حەربی خالید سەرۆكایەتی نوێنەرایەتی كەركوك و دكتۆر عەلی راگری كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سلێمانی و دكتۆر ئاراس مامۆستای هەمان كۆلێژ.
