ڕاژان قادر یاریزانی تۆپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر:یاریی فوتساڵ لە نێو ئافرەتاندا لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە
*ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
-ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بوونی چەندین یانە لە شارەكانی كوردستان، لەو بڕوایەشم ساڵ بەساڵ باشتر دەبێت و ئاستی بەرەو پێشتر دەچێت، تەواوی یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن.
*ئاستی پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستان ئەم ساڵ لەچ ئاستێكدایە؟
- ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرزە و یانەكانیش زۆر بەهێزن و ئاستیان باشە، هەندێكیشان ئاستیان زۆر لێك نزیكە ئەمساڵیش بەش بەحاڵی خۆم خۆشحاڵم بە ئاستی ئەم پاڵەوانێتییە.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە شاری هەولێر چۆن دەبینیت؟
- من لە ئێستادا گەشبینم بە ئاستی ئەم یارییە لە شارە خۆشەویستەكەمان، چونكە یانەكان گرنگی باش بە ئاستی كچان دەدەن بەش بەحاڵی خۆشمان یانەكەمان تاكە یانەیە كە گرنگی تەواو بەم یارییە دەدات.
* چی بكرێت باشە بۆبەرەوپێش چوونی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان؟
- پێم باشە خولی بەردەوام بكرێتەوە بۆیاریزانان بۆ ئەوەی ئاستیان هەر لە پێشوەچووندا بێت، یاریگای تایبەت و گرنگ هەبێت بۆ كچە یاریزانەكان لەو بڕوایەدام دەتوانن باشترین ئاست پێشكەش بكەین.
* هەست ناكەیت یاریزانی كچ، كەم بەشداری ئەم یارییە دەكەن ؟
-پێشتر وابوو، بەڵام لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە زۆر بەرەو پێش چووە وكچان زیاتر ڕوو لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەكەن.
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چییە ؟
- لە یانەی ئافرەتانی هەولێر تەنیا پێویستمان بەهۆڵی داخراو هەیە چونكە كە دەبێتە باران و یاخود لەبەر تیشكی رۆژ مەشق دەكەین، بۆیە داواكارین گرنگیمان پێ بدەن و ئەم كێشەمان چارەسەربكەن.
* خوێندن رێگریت لێ ناكات لە وەرزش كردن ببێتە هۆی دابڕانت لەوەرزش؟
-نەخێر چونكە من بە شێوەیەكی گشتی كاتەكانی خۆم دابەشكردوە.
*بەچ یاریزانێك زۆر سەرسامی لەجیهان؟
- بە ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین ویانەی بەرشلۆنە و میسی، هەمیشە لاسایی ئەو دەكەمەوە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشوانێك چییە ؟
-هیوام وایە بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەم یارییە بەدەست بهێنم، ببمە جێگای متمانەی یانەكەم و ئاستی خۆم زیاتر بەرەو پێش ببەم.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر هاوكاریتان دەكات؟
-بەسوپاسەوە هاوكاری بەردەواممان دەكەن لەگشت روویەكەوە.
*داواكاریت بۆیەكێتیی تۆپی پێی كوردستان؟
-داواكارین بەردەوام هاوكاریمان بكەن وخولمان بۆبكەنەوە، بەشێوازی خول بێت زۆر باشترە بە چوون وهاتن.
*بەلێنی چی بەهاندەرانی یانەكەت دەدەیت؟
-پشتیوان بەخوای گەورە دەتوانین نازناوی خولەكە بەدەست بهێنین و یانەی ئافرۆدێتیش ڕكابەرمان دەبێت
*ئەگەر شتێكت لە كۆتایدا مابێت؟
-دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم هاوكاریی یانەكەمان دەكەن.
