یانەی زاخۆ ڕاهێنەری خولی كوردستانی دەگۆڕێت

یانەی زاخۆ ڕاهێنەری خولی كوردستانی دەگۆڕێت
دوای ئەوەی یانەی زاخۆ ئەمساڵ لە خولی تۆپی پێی یانە نایابەكانی كوردستان بەشداری كردو، ئومێدی ئەوەی هەبوو بەتەواوی یاریزانانی كورد بتوانێت ئاستێكی شایستە لە یارییەكانی خولەكە پێشكەش بكات، بەڵام لە هەفتەی چوارەمی خولەكە لەسەر یاریگای زێرەڤانی لە شاری دهۆك تووشی دۆڕانێكی قورس هات بەرامبەر یانەی بروسك بە ئەنجامی (4-0)گۆڵ، لە چوار یاری ڕابردووشدا تەنیا دووخاڵیان بەدەستهێنا، هەربۆیە دەستەی ڕاهێنەرانی یانەكە كە پێك هاتبوو لە هەریەك لە (مەناف شێخۆ ڕاهێنەری یانە وموهەند حەسەن یاریدەدەر ومحەمەد ڕەشۆی ڕاهێنەری گۆڵچی )دەستیان لەكاركێشایەوە، دواتریش دەستەی كارگێڕی دەست لەكاركێشانەوەكەی قبوڵ كرد، لەم بارەشەوە عەبدولوەهاب محەمەدسەرۆكی یانەی زاخۆ بەگۆڤاری گوڵانی گوت «ئەوان بەهۆی ئەنجامی خراپەوە دەستیان لەكاركێشایەوە ئێمەش دوای كۆبوونەوەمان لە دەستەی كارگێڕی ئەو دەست لەكاركێشانەوەیەمان قبوڵ كردو لە شوێنی ئەوانیش بەشێوەیەكی كاتی هەریەك لە ئەمین یونس و ڕەزوان ناجی كە هەردووكیان كوڕی یانەی زاخۆن لە شوێنی ئەوان دەست بەكار بوون، جارێك چاوەڕێ دەكەین بزانین لەگەڵ ڕاهێنەرێكی بەتوانا رێك بكەوین بۆخولی كوردستان.
Top