مانگی داهاتوو یارییەكەیان ئەنجام دەدرێت:حكومەت و پەرلەمان لیاقەیان نییە و یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بچووك دەكەنەوە

مانگی داهاتوو یارییەكەیان ئەنجام دەدرێت:حكومەت و پەرلەمان لیاقەیان نییە و یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بچووك دەكەنەوە
رێبین رەمزی

دوای ئەوەی وا بڕیار بوو لە مانگی (11) یارییەكی دۆستانە لە نێوان هەردوو تیپی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوەكان بۆ نێو خاكی كوردستان، بەفەرمی بڕیار درا ئەم یارییە بۆ مانگی داهاتوو دوابخرێت، بۆ ئەم مەبستەش مامۆستا ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان و گوتەبێژی فەرمی ئەم یارییە سەردانی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری كرد بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئامادەباشی یاریگا شانبەشانی مامۆستا ئارام هەریەكە لە د.كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و لاوان و نوێنەری تیپی پەرلەمان شێردڵ تەحسین و د.شاكر ئەحمەد سمۆ بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش ئامادە بوون.
مامۆستا ئارام سەبارەت بە یارییەكە لە لێدوانێكیدا گوتی: بە رەزامەندی هەردوو تیپ بڕیار درا یارییەكە بۆ مانگی داهاتوو دوابخرێت بۆ رێزگرتن لە گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوەكان بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە رێز لەم ئەنفالكراوانە بگرین.
لە درێژەی قسەكانیدا مامۆستا ئارام گوتی: بە رەزامەندی هەردوولا و بەهۆی نەبوونی لێهاتوویی جەستەیی وەك پێویست بڕیاردرا بە پێی یاسا و ستانداری جیهانی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بچووك بكرێتەوە و هەر لە ئێستاوە دەستەی ناوبژیوانانی یارییەكە دەستنیشان كراون، كە چوار لە باشترین ناوبژیوانەكانی دێرینی كوردستانن، كە ساڵانێكی زۆر خزمەتی بواری وەرزشی كوردستانیان كردووە وەكو رێزلێنانێك لەم ناوبژیوانانە، كە هەر ناوبژیوانێك لە یەكێك لە شارەكانی كوردستانە.
مامۆستا ئارام درێژەی بەقسەكانیدا و گوتی: ئامادەكارییەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت و هەوڵ دەدەین یارییەكە لە رۆژێك ئەنجام بدرێت، كە پشووی فەرمی بێت بۆ ئەوەی جەماوەرێكی زۆر لە نێو یاریگە ئامادە بن تاكو بتوانین زۆرترین داهات كۆبكەینەوە، تاكو بەسەر كەس و كاری شەهید و ئەنفالكراوەكان دابەش بكەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا مامۆستا ئارام بە پێكەنینەوە گوتی: هەوڵ دەدین یاریزانانی پەرلەمانی كوردستان ماندو بكەین یارییەكە لە رۆژێك دابنێین، كە ئەوان خەریكی گفتوگۆی بودجەی ساڵی 2013 بن، تاكو نەتوانن یاری بكەن و ئەگەر بێنە نێو یاریگەش ماندووبوونیان پێوە دیار بێت بۆ ئەوەی بتوانین سەركەوتن بە ئەنجامێكی گەورە تۆمار بكەین و ئێمە لە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر یاریزانانی تیپی پەرلەمان بەردەوام-ین بۆ ئەوەی خاڵی لاواز و بەهێزی ئەم تیپە بزانین.
لە بەرانبەردا شێردڵ تەحسین ئەندامی لیژنەی وەرزشی پەرلەمانی كوردستان و یاریزانی سەرەكی تیپی پەرلەمان سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی تیپی پەرلەمان گوتی: تا ئێستا 30 یاریزانمان ئامادە كردووە بۆ ئەم یارییە لەم هەفتەیە ئەم ژمارەیە بۆ 20 یاریزان كەم دەكرێتەوە، كە 2 گۆڵچی و 18 یاریزانی سەرەكییە و دوو راهێنەرمان دەستنیشان كردووە ئەویش هەریەكە لە سۆزان-ی خاڵە شەهاب و د.حەسەن.
لە درێژەی قسەكانیدا شێردڵ تەحسین گوتی: ئێمە هیچ شتێك سەبارەت بە سەركەوتن ناڵێن، تەنیا ئەوە دەڵێین لە نێو یاریگا وەڵامی خۆمان دەبێت و تۆپی پێی گەورە و بچووك نازانێت و ئەگەر تیپی حكومەت حەز بكات ئێمە یاری بە یاریزانی بە تەمەن دەكەین بۆ ئەوەی بیانوو بۆ دۆڕان نەدۆزنەوە.
شێردڵ تەحسین خاڵێكی گرنگی باس كرد و گوتی: تا ئێستا دوو ئەندام پەرلەمانی ئافرەت ئامادەیی خۆیان نیشان داوە لەم یارییە لەگەڵ تیپی پەرلەمان یاری بكەن شانبەشانی پیاو، هەرچەندە بڕیاری كۆتایی خۆیان نەداوە، بەڵام ئەگەر ئەوان بڕیار بدەن ئێمە لە یارییەكە بەشدارییان پێ دەكەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا شێردڵ تەحسین گوتی: لیژنەی تەندروستی نێو یاریگە بۆ چارەسەركردنی یاریزانەكان دەستنیشانمان كردوون ئەوانیش ئافرەتن و ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانن.
بە پێی دواین زانیارییەكان كە بە دەستمان گەیشتوون لە تیپی حكومەت ئاسۆس نەجیب وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی راهێنەری ئەم تیپەیە و بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی گۆڵچی تیپی حكومەتە و رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و كاپتنی تیپەكەیە و قوباد تاڵەبانی لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و مامۆستا ئارام وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان و گوتەبێژی فەرمی یارییەكە تووشی پێكان هاتووە و لەگەڵ تیپی حكومەت پارێزگاری هەولێر و دهۆك و سلێمانی بەشداری دەكەن و نەوزاد هادی پارێزگای هەولێر رۆژانە مەشقی خۆی ئەنجام دەدات بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم یارییە.
لە بەرانبەردا تیپی پەرلەمان سۆزان خاڵە شەهاب و د.حوسێن وەكو راهێنەر دەستنیشان كراون و سێ ئەندامی پەرلەمانی لیستی گۆڕان لە هێڵی بەرگری یاری دەكەن و دوو گۆڵچیەكەی تیپی پەرلەمان لە ئەندام پەرلەمانێكی سەربەخۆ و ئەندام پەرلەمانێك لە برا مەسیحیەكان پێكهاتووە و ئەندام پەرلەمانێكی برا توركمانەكان یاریزانێكی سەرەكییە و لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و رۆژانە مەشقی خۆیان لە شارۆچكەی عەنكاوە و یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجام دەدەن و زۆربەی یاریزانەكانی ئەندام پەرلەمان لە گەنج پێكهاتووە ئەمەش خاڵێكی بەهێزی ئەم تیپەیە.
چاوەڕوان دەكرێت سەڵاح محەمەد كەریم ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشوو ببێتە ناوبژیوانی یارییەكە و تیپی پەرلەمان بە درێسی رەنگی شین یاری دەكەن و تیپی حكومەت بە درێسی سپی یاری دەكەن.

جێگەی باسە ئەمە یەكەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ئەم جۆرە یارییە ئەنجام دەدرێت، كە ئامانجی خێرخوازی بێت و لە كۆتاییدا كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان براوەی یارییەكە دەبن.
Top