لە شاری دهۆك بەسەرپەرشتی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی دەستی كوردستان وبەهاوكاری لقی دهۆكی یەكێتییەكەو بەبەشداری 11یانەی شارەكانی كوردستان كە بەسەر دووكۆمەڵەدا دابەشكرابوون، یارییەكانی پاڵاوتن و گەیشتن بۆ ڕیزی یانە نایابەكانی كوردستان، چەندین یاری لە نێوان یانە بەشداربووەكاندا لە هەردوو كۆمەڵە ئەنجامدرا و یانەكانیش توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن، لە ئەنجامیشدا هەریەك لە یانەكانی (ئافرەتانی هەولێر، سەنحاریب، قەڵا، ئافرۆدێت، شەقلاوە، ئاكرێ، كۆیە ) سەركەوتن بۆ ڕیزی یانەی پلە نایابەكانی كوردستان و هەریەك لە یانەكانی (هێرش، كچانی كەركوك، بابا گوڕگوڕ، سەرچنار)دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، لەم بارەشەوە بێجان ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتیی تۆپی دەستی كوردستان بە گوڵانی ڕاگەیاند كە ئاستی پاڵەوانێتییەكە لە نێوان هەر 11 یانەی شارەكانی كوردستان زۆر بەرز بوو، ململانێی بەهێزیش هەبوو، هەرچەندە یانەكان توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و دەرئەنجامیش حەوت یانە سەركەوتن بۆ ڕیزی یانە پلە نایابەكان بڕیاریشە لەرۆژی 10ی مانگی داهاتوودا لە شاری هەولێرلە هۆڵی داخراوی شەهید فرەنسۆ هەریری هەر حەوت یانە لە خولێكی یەك قۆناغی بەیەك بگەن و پاڵەوانی ئەم وەرزە بەدیار بكەوێت.