یاریزانی تێنسی سەرزەوی میدیا ئاڤدەل:زۆر بە ئاواتەوەم رۆژێك بێت بگەمە ئاستی شاراپۆڤا
*ئاستی ئەم یارییە لە كوردستاندا چۆن دەبینیت ؟
-لە ئێستادا ئەم یارییە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق،یاریزانانی كوردیش لە یانەكانی كوردستاندا ئاستیان زۆر بەرزەو دوارۆژێكی باشیان دەبێت،دەتوانن نوێینەرایەتیی عێراق بكەن لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوەدا.
* ئەم یارییە لەشاری دهۆك لە چ ئاستێكدایە ؟
-ئەم یارییە مێژوویەكی باشی هەیە لە شارەكەمان، چونكە بەرپرسانی یانەكەمان بەردەوام لەخەمی یاریی تێنسی سەرزەویدان،ئێستا یانەكەمان یەكێكە لە یانە هەرە بەتواناكانی عێراق،تەواوی یاریزانەكانمان لاون لەو یانەیە دروست بووینەو گرنگی زۆرمان پێ دەدرێت، ئێمەش ئاستمان باشە.
* بۆبەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە شارەكان چی بكرێت باشە ؟
-من وەكو یاریزانێك پێم باشە ژمارەیەك قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان ئاستەكانی تەمەن بكرێتەوە لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان بۆماوەیەكی باش مەشق وڕاهێنانیان پی بكرێت بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام سوود لە یاریزانانی خۆمان وەربگرین وخولی بەردەوامیش بۆیاریزانان بكرێتەوە بۆ كچان وكوڕان.
*كێشەو گرفتان چییە وەكو یاریزانانی شاری دهۆك؟
- دەتوانم بڵێم تاكە یانەین كە تاكو ئێستا دەستەی كارگێڕی نەیانهێشتوە كێشەمان هەبێت، بەردەوام لە پشتگیری ئێمەدان.
* تا چەندخانەوادەكەت لە وەرزش كردنتدا هاوكاریت دەكەن ؟
- ئەوان هاوكاری منن هەر بۆیە تاكو ئێستا توانیومە بەردەوام بم لە وەرزش كردن.
*لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامیت ؟
-بەڵێ تائێستاش هەر یاریزانی ئەو هەڵبژاردەم.
*هیواو ئاواتت چیە لەم یارییە ؟
-هیوام وایە بتوانم باشترین ئەنجام لەسەر ئاستی عێراق وئاسیا و بەدەست بهێنم ناوی خۆم و كوردستان بەرز بكەمەوە.بتوانم خۆم بگەیەنمە ریزی یاریزانە گەورەكان.
*چی بەوكچانە دەڵیی كە وەرزش ناكەن یاخود دوورن لە جیهانی وەرزش ؟
-وەرزش پەیامێكی خۆشەویستییە بۆیە داواكارم لەهەموو ئەوكچانەی كە تاكو ئێستا وەرزش ناكەن با بەزووترین كات خۆیان لە سەنتەرێك ناونووس بكەن بۆوەرزش كردن .
*بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامی لە یاریی تێنسی سەرزەوی ؟
-ماریا شاراپۆڤا چونكە یاریزانێكی زۆر بەتوانایە حەزدەكەم بگەمە ئاستی ئەو.
*ئەگەر لە كۆتاییداشتێكت مابێت ؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست كەوا بەردەوام لەخزمەتی وەرزشدان بەبێ جیاوازی وخزمەتی وەرزشكارانی كوردستان دەكەن، بەهیوای ئەوەین بەردەوامبن لە پشتگیری كردنی ئافرەتانی وەرزشكار.
