لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ(گوڵان):(رائوول)ی یاریزانی پێشووی ریال مەدرید و ئێستای سەددی قەتەر: ریاڵ مەدرید ماڵی منە و حەز دەكەم رۆژێك بێت بگەڕێمەوە ئەو یانەیە
رائول گۆنزالێس لە ساڵی 1977 لە ئیسپانیا لە دایكبووە.
لە ساڵی 1992 پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كرد، كە ئێستا بە بچووكترین گۆڵكاری ئەم یانەیە دادەندرێت لە مێژوو.
لە ساڵی 2009 پەیوەندیی بە یانەی شاڵكەی ئەڵمانی كرد، دوو ساڵ لەم یانەیەدا یاریكرد توانی دوو نازناو بە دەستبهێنێت،ئەوانیش جامی ئەڵمانیا و جامی سوپەر ئەڵمانیا
لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداری لە 102 یاری نێودەوڵەتی كردووە و 44 گۆڵی تۆماركردووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ نازناوێك بە دەستبهێنێت.
دووەم گۆڵكاری مێژوویی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەتۆماركردنی زیاتر لە 44 گۆڵ.
گۆڵكاری مێژوویی لە یانەی ریاڵ مەدرید بە تۆماركردنی 323 گۆڵ.
گۆڵكاری مێژوویی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە تۆماركردنی 71 گۆڵ.
رائوول یەكەم یاریزانە، كە بتوانێت لە خولەكانی ئەوروپا زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات، كاتێك 77 گۆڵی تۆماركرد.
زۆرترین یاریزان، كە بەشداری لە یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایە 130 یاری.
خاوەن زۆرترین یاریی نێودەوڵەتییە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا كاتێك 102 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجام داوە.
خاوەن ژمارەی پێوانەیی لە وەرنەگرتنی كارتی زەرد، كاتێك زیاتر لە 30 مانگ هیچ كارتێكی زەردی وەرنەگرتووە.
لە مێژووی ژیانیدا وەكو یاریزان تا ئێستا هیچ كارتێكی سووری وەرنەگرتووە.
لە ئایاری2012 پەیوەندیی بە یانەی سەدی قەتەرییەوە كرد و ئێستاش لە ریزی ئەم یانەیە یاری دەكات

كاتێك باس لەیاریزانانی تۆپی پێی ئیسپانیا دەكرێت،پێویستە ناوی یاریزانی بلیمەت وبەتوانا رائوول گۆنزالیس لە پێشەوەی یاریزانە ناودارەكان ریزبەند بكرێت، ئەو هەر لەتەمەنی (15) ساڵیدا چووە ریزی ریال مەدرید توانی هەر زوو لێهاتوویی وەرزشیی خۆی بسەلمێنێت، ئەم یاریزانە لە ریزی ریال مەدرید بەردەوام بوو تا ساڵی 2009 بوو بە گۆڵكاری مێژووی یانەكەی بە تۆماركردنی 307 گۆڵ، هەر لەگەڵ ئەم یانەیەدا شەش جار خولی ئیسپانیا و سێ جار جامی سوپەری ئیسپانیا و دوو جاریش جامی ئەنتەركۆنتینتالی و سێ جار خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و یەك جاریش جامی سوپەری ئەوروپای بە دەستهێناوە.
لە كاتی چوونم بۆ یانەی سەد دڵەڕاوكێكی زۆرم هەبوو، كە یاریزان رائوول داوایەكی من بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەكی تایبەت رەتبكاتەوە، دوای ئەوەی بەرپرسی راگەیاندنی یانەكە تەئكیدی لە زەحمەتی ئەنجامدانی ئەم دیمانە كرد و باسی دروستبوونی كێشەیەكی بۆ كردم لە نێوان هەردوو كەناڵی ئەلجزیرە سپۆرت و كەناڵی دوری و ئەلكاس لەگەڵ یاریزان رائوول بەهۆی رەتكردنەوەی یاریزانی ناوبراو ئەنجامدانی دیمانە لەگەڵ ئەم دوو كەناڵە، بەڵام دوای تەواوبوونی مەشقی یانەكە بەسوپاسەوە راهێنەری گۆڵچی یانەی سەد، سوهێل سابر بەشێوازێكی زۆر جوان داوایەكەی منی بە یاریزان راگەیاند، ئەویش بە دڵێكی فراوان قبووڵی كرد،تەنیا بۆ پێنج خولەك و پرسیارەكانیش هەموو تایبەت بێت بە تۆپی پێ، بەڵام ئەم یاریزانە لە رووی كەسایەتییەوە زۆر سادە و ساكارە و هەردەم دەم بەخەندەیەو داوای هیچ كەسێك رەت ناكاتەوە بۆ وێنەگرتن بە تایبەتی هاندەرانی یانەكە.
لە وڵاتی قەتەر گۆڤاری گوڵان وەكو یەكەم گۆڤار و رۆژنامەی كوردستان و عێراق توانی دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان رائوول گۆنزالیس سازبكات.
*ئایا بەنیازیت وەكو یاریزان بگەڕێیتەوە یانەی ریال مەدرید یاخود وەكو راهێنەر؟
- جارێ نازانم، بەڵام ئێستا من لەقەتەرم و لە یانەی سەد یاری دەكەم و هیچ كێشەیەكم نییە و هەست بەخۆشی دەكەم، لەوانەیە رۆژێك بگەڕێمەوە ریال مەدرید.
* بەڵام تۆ حەزت لە چییە؟ حەزدەكەیت وەكو راهێنەر بگەڕێیتەوە یانەكە یاخود وەكو بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی شاهانە؟
- من حەز لە یاری كردن دەكەم، پاش جێهێشتنی یاری دەتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، ریاڵ مەدرید ماڵی منە و حەز دەكەم رۆژێك بێت و بگەڕێمەوە ئەو تیپە، بەڵام ئێستا دەمەوێت لە قەتەر لەگەڵ خێزانەكەمدا چێژ لە كاتەكانمان وەرگرین، هیوادارم لەگەڵ یانەی سەد خولی قەتەر بە دەستبهێنم.
* ئایا لە قەتەر دڵشادو ئاسوودەیت؟
- بەڵی دڵشادم بەڵام شێوازی ژیانی ئێرە بۆ منداڵەكانم و خێزانەكەم زۆر جیاوازە، بە بەراورد لەگەڵ ئیسپانیا یاخود ئەوروپا، بەڵام خودی خۆم دڵخۆشم لێرە و چێژ لە رۆژەكانم وەردەگرم.
* چۆن دەڕوانیتە خولی قەتەر؟
- هەموو شتێك هەنگاو بە هەنگاو دەبێت، پێویستە ئاستی تۆپی پێی قەتەر بەرزبكرێتەوە و منیش ئامادەم هاریكار بم بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ئاستە، هەست بەخۆشی دەكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە بە بۆچوونی خۆم یانەی سەد و ئەندامانی یانەكە لە رووی مامەڵەكردن زۆر باشن.
* لەگەڵ دەستپێكردنی خولی قەتەر ئاستێكی سەرنجڕاكێش پێشكەش دەكەیت، وا هەست دەكەیت لە كاتی یارییەكاندا لە رووی تەمەنەوە كاریگەریی لەسەر نەكردوویت؟
- سەرەتا حەز دەكەم ئەوە ڕابگەیەنم كە بەرژەوەندیی گشتی لە پلە یەك دێت ئینجا بەرژەوەندیی تایبەتی، بەڵام پێویستە لە هەموو یارییەكاندا ئاستی بەرز پێشكەش بكەین، خودی خۆم هەر لەسەر ئەم ئاستە بەرزە بەردەوام دەبم و هیوادارم لە كۆتاییدا یارمەتی یانەكەم بدەم بۆ بە دەستهێنانی خولی قەتەر.
* چۆن دەڕوانیتە ئاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا؟
- لە ئێستادا هەڵبژاردەی ئیسپانیا یەكێكە لە باشترین هەڵبژاردەكانی جیهان و لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، بەو هیوایەی یاریزانەكان بتوانن پارێزگاری لەم ئاستە بكەن، هەرچەندە هەڵبژاردەی فەرەنسا تیپێكی بەهێز و ترسناكی هەیە.
* بەبۆچوونی تۆ ئاستی ریال مەدرید چۆنە؟
- ئێستا ئاستی ریال مەدرید زۆر باشە.
* رات چییە سەبارەت بەو كێشەیە لە نێوان یاریزانان و مۆرینهۆ هەیە؟
- بەبۆچوونی خۆم مۆرینهۆ راهێنەرێكی زۆر باشە و یانەی ریال مەدرید یاریزانی زۆر باشی هەیە، بۆیە توانییان نازناوی خولی ئیسپانیا بە دەستبهێنن، هیوادارم بتوانن نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە دەستبهێنن.
* دوا پرسیارم: پەیامت بۆ خەڵكی كوردستان چییە، كە زۆربەیان سەیری یارییەكانی تۆ دەكەن و هاندەری یانەی ریال مەدریدن؟
- زۆر سوپاسییان دەكەم، كە هەردەم سەیری یارییەكانی من لە یانەكانی ریاڵ مەدرید و لە شاڵكە و لە یانەی سەد دەكەن، هیوادارم رۆژێك بتوانم سەردانی كوردستان بكەم.
لە كۆتاییدا داوام لێكرد سەردانی هەولێری پایتەخت بكات رائوول بە پێكەنینەوە گوتی: هیوادارم بێت و لەوانەشە بێم بزانم چۆن دەبێت.
دواتر گوتی: هیوای سەركەوتن بۆ یانەی هەولێر دەخوازم لە جامی یەكێتیی ئاسیا هیوادارم بتوانێت نازناوی پاڵەوانێتییەكە بە دەستبهێنێت.

