یاریزانی تێنسی سەرمێز كارمن سڵێوەلە زۆربەی خولەكاندا ئێمە پاڵەوانین
*ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە ؟
-ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان زۆر باشە و یانەكانیش هەموویان ململانێی بەهێزی یەكدی دەكەن لە پاڵەوانێتییەكان لەو بڕوایەشدام ئاستی ئەم یارییە زیاتریش پێش بكەوێت، ئەگەر یانەكانیش گرنگی پێبدەن لەوەش زیاتر پێش دەكەوێت.
*ئەی ئەم یارییە لە شاری هەولێر لە چ ئاستێكدایە؟
- لە شاری هەولێر ئاستێكی ئەوتۆی نییە شایەنی باس بێت، ئاستێكی ناوەندییە و ئێمە یەكەمین بەبێ ململانێ، لە زۆربەی خولەكاندا ئێمە پاڵەوانین.
* كێشەو گرفتەكانتان زیاتر لە چیدا ڕەنگ دەداتەوە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت پێشتر كێشەمان زۆر بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا كێشەكان بەرەو نەمان دەچێت.
*بە بۆچوونی تۆ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت باشە ؟
-من وەكو یاریزانێك پێم باشە سەرەتا قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە لەگشت شارەكاندا، دواتریش هێنانی ڕاهێنەری چینی بۆ یانەكان و بۆ قوتابخانەكان دەبێتە هۆكارێك بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە لە گشت روویەك و گەشەكردنێكی یەكجار بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.بەهێنانی ڕاهێنەری پیشەگەر تایبەت بۆشاری هەولێر من لەو باوەڕم وەرزشی هەولێر زۆر بەرز دەبێتەوە .
* هۆكاری چییە بە دەگمەن بەشداری لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق دەكەی؟
-ئەوەی ڕاستی بێت من ماوەیەكی زۆرە لە ریزی هەڵبژاردەی پێشكەوتوانی عێراقم، بەڵام كاربەدەستانی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عێراقی هەردەڵێن لە ئاستەكانی تەمەن بچووك گرنگی بە یاریزانان دەدەین، كەچی ئەنجامیشیان وەكو پێویست نییە.
* هۆكاری چییە یاریزانی كچ كەم بەشداری دەكەن؟
-بەگشتی ئێستا لەچاو ساڵانی ڕابردوو رێژەی یاریزانانی كچ لە زیاد بوونە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە رێگای خانەوادەكانیان رێگرییان لێ دەكرێت.
*چی بەو ئافرەتانە دەڵێیت كە لە وەرزشەوە دوورن ؟
-بە هەموو كچانی كوردستان دەڵێم وەرزش بكەن و ناوی خۆتان و وڵاتەكەتان بەرزكەنەوە.
* خانەوادەكەت لەوەرزش كردن رێگریت لێ ناكەن ؟
-بێ گومان سەرەتا رێگرییان لێ دەكردم پێان دەگوتم وەرزش مەكە، بەڵام دواتر كە زانیان ئەنجامم باشە و پاڵەوانم، رێگەیان پێدام كە لە وەرزش كردن بەردەوام بم.
*باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان ؟
-لە ساڵی 2009وە تاكو ساڵی 2011 من پاڵەوانی كوردستانم، چوار ساڵ پاڵەوانی عێراق بوویمە، بەشداری پاڵەوانێتی یانەكانی ئاسیام كردوەلە لوبنان و مەغریب و ئوردەن.
*بۆچی لە ئاستی ئاسیا ئەنجامت نەبووە؟
- بەداخەوە من لەگەڵ یاریزانی پیشەگەر یاریم كردوە یانەكانی وڵاتانی تر یاریزانی پیشەگەریان هەیە بەتایبەتی یاریزانی چینی كە زۆربەی یانەكان پشتیان پێ دەبەستن.
* بە یاریزانانی چ وڵاتێك سەرسامی لە یاری تێنسی سەرمێز؟
-بە یاریزانانی وڵاتی چین بەتایبەتی یاریزانی بەناوبانگ (مالینا)یاریزانی بەتوانای چینی.
* حەز دەكەی رێژەی وەرزشكارانی ئافرەت زیاتر بێت؟
- ئەوە هیوای منە بۆئەوەی ئێمە زیاتر ڕكابەرێكی باشتر لەگەڵ یەكتر بكەین.
*هیواو ئاواتت چیە لەم یارییە ؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەسەر ئاستی عێراق و ئاسیا بەدەست بهێنم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان بەهیوای ئەوەم ئێوە ببنە مینبەرێك بۆبەرگریكردن لە هەموو وەرزشكارێك بتوانن هاوكاری هەموو وەرزشكاران بكەن بە بەسەر كردنەوەیان.
