هەموو بۆ هەولێر .. هەولێر بۆ هەمووان

هەموو بۆ هەولێر .. هەولێر بۆ هەمووان
دوای ئەوەی یانەی هەولێر لە جامی یەكێتیی ئاسیا بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیی كوردستان و عێراقی كرد لە جامی یەكێتیی ئاسیا و توانی بگاتە قۆناغێك، كە زۆر نزیكە لەسەركەوتن بۆ یاریی كۆتایی ئەم پاڵەوانێتییە بۆ یەكەم جار لە مێژووی یانەكە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی زۆر مەزنە بۆ یانەی هەولێر، كە تا ئێستا هیچ یانەیەكی كوردستانی و عێراقی نەیتوانیوە ئەم دەستكەوتە مەزنە بە دەستبهێنێت، وا بڕیارە لە 23ی ئەم مانگە لە وڵاتی تایلاند یانەی هەولێر یاری هاتن-ی قۆناغی پێش كۆتایی جامی یەكێتیی ئاسیا بەرانبەر یانەی تشۆنبۆری تایلاندی ئەنجام بدات، یاری یەكەم، كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو یانەی هەولێر توانی یارییەكە بە ئەنجامی (4-1) گۆڵ بباتەوە و هەنگاوێكی گەورە بۆ سەركەوتن بۆ یاری كۆتایی بهاوێت، بۆیە ستافی وەرزشی گۆڤاری گوڵان بەوپەڕی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی بۆ بەرز راگرتنی ناوی هەولێر، كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە بە پێویستی زانی لەم ژمارەیەوە تاكو ئەنجامدانی یاری كۆتایی هەفتانە شەش لاپەڕە یاخود زیاتر تایبەت بكات بە یانەی وەرزشیی هەولێر وەكو پاڵپشتیك و هاندانێك بۆ ئەم یانەیە، هەروەها بڕیاری داوە هەر ژمارەیەك رێكلام یاخود پۆستەرێكی تایبەت بە یانەی هەولێر یاخود یاریزانانی یانەكە بكات، ئەم هەنگاوەی گۆڤاری گوڵان بۆ یەكەم جارە لە نێو رۆژنامە و گۆڤارەكانی كوردستان دێتەئاراوە بەو هیوایەی گشت رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەرە وەرزشییەكان بەهەمان شێوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ یانەی هەولێر دووپات بكەنەوە و ببنە هاندەرێكی سەرەكی بۆ سەركەوتنی یانەی هەولێر بۆ یاریی كۆتایی ئەم پاڵەوانێتییە.

فایلی وەرزشی
Top