سەرەتای دەستپێكردنی چیرۆكی یانەی هەولێر لە جامی یەكێتیی ئاسیا
لە یەكەم یاریی خۆیدا یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر میوانداری یانەی كازمەی كوەیتی كرد لەم یارییەدا هەردوو یانە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ یەكسانبوون، تاكە گۆڵی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانی نێجیری (ئیفی ئۆبۆدی) تۆماركرا.
لە یاریی دووەم یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری رووبەڕووی یانەی عرووبەی یەمەنی بۆوە، لەم یارییەدا هەردوو یانە بە ئەنجامی (2-2) گۆڵ یەكسانبوون، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (پیشەگەری سوری نەدیم سەباغ، ئەمجەد رازی) تۆماركران، لە سێیەم یاریدا یانەی هەولێر لە وڵاتی هیند رووبەڕووی یانەی ئێست بەنگالی هیندی بۆوە، لەم یارییەدا یانەی هەولێر توانی سەركەوتن بە دەستبهێنێت و بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ یارییەكە بباتەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (ئەمجەد رازی، پیشەگەری سوری عەبدولرەزاق ئەلحوسێن) تۆماركران.
لە یاریی چوارەمدا یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی ئێست بەنگالی هیندی بۆوە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لەم یارییە یاریزانانی یانەی هەولێر دووبارە سەركەوتنیان بەسەر یانە هیندییەكە تۆمار كرد و توانیان هەمان ئەنجامی یاریی یەكەم دووبارە بكەنەوە و بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزان عەبدولرەزاق ئەلحوسێن تۆمار كرا.
لە پێنجەم یاریی خۆیدا یانەی هەولێر لە وڵاتی كوێت رووبەڕووی یانەی كازمەی كوەیتی بووەوە، لەم یارییەدا یانەی هەولێر سەركەوتنێكی گرنگی تۆمار كرد و یارییەكەی بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ بردەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان هەڵگورد مەلا محەمەد و ئەحمەد ئیبراهیم تۆمار كران لە دوایین یارییەكانی یانەی هەولێر لەم قۆناغەدا یانەكە میوانداری یانەی عرووبەی یەمەنی كرد، لەم یارییەدا یانەی هەولێر توانی یارییەكە بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان مەهدی كەریم و ئەمجەد رازی تۆمار كران، دوای تەواوبوونی یارییەكانی ئەم كۆمەڵەیە، یانەی هەولێر توانی پلەی یەكەمی ریزبەندەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات ئەمەش ریزبەندی كۆمەڵەی دووەمە.
1-هەولێر 14 خاڵ.
2- كازمەی كوەیتی 11 خاڵ
3- عەرووبەی یەمەنی 8 خاڵ.
4- ئێست بەنگال هیندستان سفر خاڵ.
بە پێی یاساكانی یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا، یارییەكانی قۆناغی 16 بە یەك یاری ئەنجام دەدرێن و لە یاریگەی ئەو یانەی، كە پلەی یەكەم بە دەست دەهێنێت، لەم قۆناغەدا یانەی هەولێر میوانداری یانەی نیڤتجی ئۆزباكستانی كرد، لەم یارییەدا یانەی هەولێر ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (4-0) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (موسلم موبارك، پیشەگەری سوری عەبدولرەزاق ئەلحوسێن، ئەمجەد رازی، یاریزانێكی ئۆزباكستانی بەهەڵە) تۆمار كران، لە قۆناغی 8ی ئەم پاڵەوانێتییە یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی كیلانتان-ی مالیزی بووەوە، لە یاریی یەكەمدا، كە لە یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری بەڕێوە چوو، یانەی هەولێر سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (5-1) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (هەڵگورد مەلا محەمەد، ئەمجەد رازی، لوئەی سەڵاح، ساڵح سەدیر دوو گۆڵ) تۆماركرا، لە یاریی دووەمدا، كە لە شاری كیلانتان بەڕێوەچوو یانەی هەولێر بووە میوانی یانەی كیلانتان یارییەكەش بە یەكسانبوونی هەردوو یانە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ تەواوبوو، تاكە گۆڵی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانی پیشگەری ئۆگەندی (سلێمان مستەفا (سۆلە)) تۆماركرا.
لە یاریی پێش كۆتاییدا یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی تشۆنبۆری تایلاندی كرد، لەم یارییەدا یانەی هەولێر توانی سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات و یارییەكە بە ئەنجامی (4-1) گۆڵ بباتەوە، گۆڵەكانی یانەی هەولێر لە رێگەی یاریزانان (ئەمجەد رازی دوو گۆڵ، ساڵح سەدیر، یاریزانی تشۆنبۆری) بە هەڵە تۆمار كران، وا بڕیارە رۆژی 23ی مانگ لە تایلاند یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی تشۆنبۆری ببێتەوە و یارییەكەش كاتژمێر 3ی ئێوارە بە كاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەم یارییە دەستەی ناوبژیوانی ئێرانی بەڕێوەی دەبات.
