مەحمود ئامنە بەرامبەر 70 هەزار دۆلار هاتە ریزی یانەی سلێمانی

مەحمود ئامنە بەرامبەر 70 هەزار دۆلار هاتە ریزی یانەی سلێمانی
گوڵان: كارزان كانەبی

11 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- بەمەبەستی تۆكمەكردنی پێكهاتەی بۆ وەرزی نوێی خولی بژاردەی تۆپی پێی یانەكانی عێراق، یانەی سلێمانی گرێبەست لەگەڵ مەحمود ئامنەی یاریزانی هەڵبژاردەی سوریا ئیمزا دەكات.

ئامنەی تەمەن 29 ساڵ یاریزانی هێڵی ناوەراست و دروستكەری یاریە و یاریی بۆ یانەكانی حوریە و ئیتیحادی سوری و راه ئاهنی ئێرانی كردوە، لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریاشدا بەشداری 72 یاری نێودەوڵەتی كردوەو 23 گۆڵی تێدا تۆماركردوە.

بەپێی گرێبەستێك كەماوەكەی بۆ وەرزێكە و نرخەكەی 70 هەزار دۆلاری ئەمریكی و موچەیەكی مانگانە بەبڕی (1200) دۆلارە، لەچەند رۆژی رابردوودا ئامنە پەیوەندی دەكات بەیانەی سلێمانیەوەو بەرەسمی ئیمزا لەسەر گرێبەستەكەی دەكات.

ئامنە نزیكەی 250 یاری لەخول و جامی سوریادا ئەنجامداوەو ژمارەی یاریەكانیشی لەخولی ئێرانیدا 70 یاریە.

ئامنە لەگەڵ یانەكاندا:
لەساڵی 2001دا بۆ تیپی یەكەمی یانەی حوریە یاریی كردوەو لەساڵی 2002دا پلەی پێنجەمی خولی سوریای لەگەڵدا بەدەستهێناوە.

لەساڵی 2003داو بەگرێبەستێك كەلەو كاتەدا بەنرخترین گرێبەست بوە لەمێژوی خولی سوریدا یانەی حوریەی بەجێهێشتوەو پەیوەندیكردوە بەیانەی ئیتیحادەوە.

لەگەڵ یانە نوێكەیدا نازناوی خول و جامی سوریای وەرزی 2004 – 2005 و جامی كۆماری ساڵی 2005ی بەدەستهێناوە .

لەساڵی 2006 پلەی چوارەمی خولی سوریای لەگەڵ یانەكەیدا بەدەستهێناوە، لەساڵی 2007یشدا پلەی دوەمی جامی سوریایان بردوەتەوەو بەشداری جامی یانەكانی ئاسیایان كردوە، لەساڵی 2008یشدا پلەی سێیەمی خولی سوریان بەدەستهێناوە.
لەساڵی 2009دا پەیوەندیكردوە بەیانەی راه ئاهنی ئێرانیەوەو هاوینی ئەمساڵ و دوای كۆتایی هاتنی گرێبەستەكەی بریاریدا ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت و تاقیكردنەوەیەكی نوێ ئەنجامبدات.


دەستكەوتە كەسیەكان:
1- سێیەم باشترین یاریزان لەخولی سوریا ساڵی 2004 .
2- دووەم باشترین یاریزان لەخولی سوریا ساڵی 2005 .
3- یاریزانی نمونەیی لەپاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیای ساڵی 2006.
4- پێنجەم باشترین یاریزان لەخولی سوریا ساڵی 2008.
5- لەخولی سوریادا 48 گۆڵی تۆماركردووە.


لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریادا:
• ساڵی 2000 بۆ تازەپێگەیشتوانی هەڵبژاردەی سوریا یاریی كردوە .
• ساڵی 2002 لەقەتەر بەشداری پاڵەوانێتی جامی ئاسیای لاوانی كردوە .
• ساڵی 2003 بەشداری یاریەكانی پاڵاوتنی ئۆلۆمپیادی ئەتلانتای كردوە.
• ساڵی 2004 بەشداری یاریەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی ئەڵمانیای كردوە.
• ساڵی 2005 پلەی دووەمی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لەئێران.
• ساڵی 2006 پلەی دووەمی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە قەتەر.
• ساڵی 2007 بەشداری یاریەكانی ئاسیای كردوە لەدەوحە.
• ساڵی 2008 بەشداری یاریەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی ئەفریقای باشوری كردوە.
• ساڵی 2011 بەشداری یاریەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2014ی بەرازیلی كردوە.
Top