یەكەتی لەشجوانی وابا لە كوردستان دەستی بەچالاكیەكانی كرد
11 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- سەرۆكی لقی كوردستان لە یەكەتی لەشجوانی وابای نێودەوڵەتی رایگەیاند دەستەی كارگێریان پێكهێناوە و دەست بەچالاكیەكان دەكەن.
ئەحمەد مەجید رامبۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەكەتیەكەمان دەستی بە چالاكییەكانی لە كوردستان كرد و لە یەكەمین كۆبوونەوەی خۆشمان دا چەند بڕیارێكی گرینگمان بۆ خزمەتی یاریی لەشجوانی دا لە وڵاتەكەمان دا.
رامبۆ گوتی، دەستەی كارگێری لقی كوردستان لە یەكەتی وابای نێودەوڵەتی دەست نیشان كرا و لە داهاتووش نوێنەری كەركووكیشی تێدا دەبێت، لەگەڵ ئەنجامدانی پاڵەوانیەتیەك بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكەتی لەشجوانی كوردستان كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كە ئەم پاڵەوانیەتیەش لەسەر پێوەرەكانی وابایە و بەپێی پێوانی باڵایە.
سەرۆكی یەكەتی وابای كوردستان جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، بڕیاری ئەوەشمان دا كە لە رێگای سپۆنسەرییەوە خەرجی و دارایی خۆمان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دابین بكەین، هەروەها لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكەین بۆ میوانداریی كردنی پاڵەوانیەتیەكی نێودەوڵەتی وابا كە ژمارەیەكی زۆری پیاوە بەهێز و لەشجوانە گەورەكانی دنیا تیایدا بەشدارن.
دەستەی كارگێری لقی كوردستانی یەكەتی لەشجوانی وابای نێودەوڵەتی بریتین ( رێزدار رەوان ئیدریس بارزانی سەرۆكی فەخری، ئەحمەد مەجید رامبۆ سەرۆك، سەردار ئیسماعیل سكرتێر، ئازاد ساڵح و ئاوات محەمەد ئەندام ).
یەكەتی لەشجوانی وابای نێودەوڵەتی تایبەت بەو یاریزانە ئاست بەرزانەیە كە لە یاریی لەشجوانی ئاست بەرزن و باوەڕپێكراون، هەروەها ساڵانە ژمارەیەكی زۆر خول و پاڵەوانیەتی دەكاتەوە، ئێستاش پەیوەندیی نێوان ئەم یەكەتیە لەگەڵ لقی یەكەتیەكە لە كوردستان زۆر خۆشە.
