دووشەممە ڤیستیڤاڵێکی وەرزشی بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوان ئەنجام دەدرێت
لەمباریەوە دلشاد هیرانی بەرێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی: بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوان ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر ڤیستیڤاڵێکی وەرزشی تایبەت بە لاوان ئەنجام دەدات، لەم ڤیستیڤاڵە وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان د.کاوە مەحمود و چەندین بەرپرسی حکوومی و حزبی ئامادەی دەبێت.
لەم ڤیستیڤاڵە چەندین نمایشی وەرزشی جمناستیک بۆ کوران و کچان و تۆپی باسکە و بالە و یاری سکێت و چەندین یاری تر نمایش دەکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا دلشاد هیرانی گوتی: لەم ڤیستیڤاڵە چەندین خولی بۆ لاوان دەکەینەوە لەوانە خولی دوورمان و زمانی ئینگلیزی و سەرتاشین و مۆسیقا و کۆمپیوتەر بەخۆراییە و هەروەها گرووپی گورگەکانی سەر شەقام چەند نمایشیکی هونەری پێشکەش دەکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا دلشاد هیرانی گوتی: هیوادارم دەزگا راگەیاندنەکان بایەخێکی زۆر بەم رۆژە بدەن بۆ ئەوەی ببێتە هاندرێک بۆ لاوان تاکو بەهرەکانی خۆیان پێش بخەن.
جێگەی باسە ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر دەکەوێتە پشت ماجیدی مۆڵ.
