لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەبیداڵ دەگەڕێتەوە بەرشەلۆنە
رۆژنامەی سپۆرتی نزیک لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشکرای کردووە کە بەرگریکەری لای چەپی یانەی بەرشەلۆنە، ئیریک ئەبیدال لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا توانای گەڕانەوە بۆ یاریگا و یاریکردنی دەبێت.
بەپێی رۆژنامەکە پزیشکەکان ئەبیدالیان ئاگادار کردووەتەوە کە پاش مانگێکی تر دەتوانێ دەست بە مەشقی وەرزی بکاتەوە و تەنیا پێویستی بەوە دەبێت توانای جەستەیی خۆی بەدەست بێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەشداری یارییەکانی یانەکەی بکات.
گەڕانەوەی ئەبیدال هێزێکی زۆر بە بەرگری بەرشەلۆنە دەبەخشێت کە کێشەی زۆری هەیە، بە تایبەت کە ئەو یاریزانە دەتوانێ وەک بەرگری لای چەپ و وەک دڵی بەرگریش یاری بکات کە پیکێ و ماسیکرانۆ ئێستا ئاستێکی باشی تێدا پێشکەش ناکەن.
ئەبیدال ماوەی چەند مانگێکە نەشتەرگەری بۆ کراوە و بەو هۆیەوە لە یاریکردن دوور کەوتووەتەوە.
