بیرلسکۆنی: ئینتەرمیلان لە کڕینی کاسانۆ زۆر پەشیمان دەبێتەوە

بیرلسکۆنی: ئینتەرمیلان لە کڕینی کاسانۆ زۆر پەشیمان دەبێتەوە
سیلڤیۆ بیرلسکۆنی سەرۆکی یانەی میلانی ئیتاڵی ئاشکرای کرد هاندەرانی یانەی ئینتەرمیلان پەشیمانییەکی زۆر دەبینن دوای ئەوەی یانەکەیان گرێبەستی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کاسانۆی هێرشبەردا کرد.
کاسانۆ لە هاوینی ئەمساڵدا لە میلانەوە چووە ئینتەرمیلان، لە بەرامبەر گواستنەوەی پاتزینی بە پێچەوانەوە.
بیرلسکۆنی لە لێدوانی لە شاری پالێرمۆ بۆ رۆژنامەنووسان گوتی کاسانۆ یاریزانێکی سەرشێتە، ماوەیەکی زۆری پێویست نییە بۆ ئەوەی کێشەیەکی زۆر لە ئینتەرمیلاندا دروست بکات و یانەکە بشێوێنێت.
هەروەها گوتی ئەو یاریزانە حەزی لە کێشە و گرفت دروستکردنە، ئەو هەمیشە کێشە بۆ ئەو یانانە دروست دەکات کە یارییان لێدەکات، بە تایبەت ژووری خۆگۆڕینی یاریزان بە بوونی کاسانۆ هەردەم ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
کاسانۆ پێشتر ئاشکرای کردبوو کە یانەی میلان یانەیەکی بێڕێزە و رێزی یاریزانەکانی خۆی ناگرێت، بۆیە ریزی ئەو یانەیەی جێهێشتووە.
Top