كاریرا: من پلان و نەخشەكانی كۆنتی جێبەجێ دەكەم

كاریرا: من پلان و نەخشەكانی كۆنتی جێبەجێ دەكەم
ماسیمۆ كاریرای یاریدەدەری ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی یۆڤنتۆسی ئیتاڵی دەیەوێ وەرزی نوێی خولی ئیتاڵی بە بردنەوە دەست پێ بكات.
كاریرا لە شوێنی كۆنتی بۆ ماوەی 10 مانگی داهاتوو ئەركی مەشقی یانە ئیتاڵییەكە بەڕێوە دەبات، دوای ئەوەی یەكێتیی تۆپی پێی ئیتاڵی كۆنتی بۆ ماوەی 10 مانگ لە كاركردن سڕكرد بەهۆی بەشداربوونی لە سكانداڵی كالچیۆ سكۆمێسی تایبەت بە دەستكاریكردنی ئەنجامی یارییەكان.
بەهۆی ئەو سڕكردنەوە كۆنتی ناتوانێ راستەوخۆ راهێنەرایەتی تیپەكەی بكات لەیارییەكانی 10 مانگی داهاتوو و نابێ لە نێو یاریگای یانەكەشی لە كاتی یارییەكاندا ئامادە بێت.
كاریرا گوتی بێگومان ئەمە ئەركێكی نوێیە و لەوانەیە من بەر لە هەموو یارییەكە هەست بە شڵەژاوی و بێزاری و توڕەیی بكەم، بەڵام پشتم بە یاریزانەكانی تیپەكە و دەستەی كارگێڕیی قایمە و دەمەوێ لە سەر ریتمی بردنەوەكان بەردەوام بین.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو تەنیا پلان و نەخشەكانی كۆنتی لە كاتی یارییەكاندا جێبەجێ دەكات و ئەوی كۆنتی دەیڵێت هەر ئەوەیە نەك شتێكی تری داهێنراوی مێشكی خۆی.
Top