ڤیداڵ: بردنەوەی سوپەر دەستپێكی بەدەستهێنانی 3 نازناوە
یۆڤنتۆس دوێنێ شەمە توانی نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵی بەدەست بێنێت دوای ئەوەی لە یانەی ناپۆلی بردەوە 4-2.
ئەمە پێنجەمین جارە یۆڤی لە مێژوویدا ئەو نازناوە دەباتەوە.
یۆڤنتۆس تۆڵەی دۆڕانی نازناوی جامی ئیتاڵیای لە ناپۆلی كردەوە كە لە كۆتایی وەرزی رابردوودا 2-0 لێی بردەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی یۆڤنتۆس لە هاوینی ئەمساڵدا گورزێكی كوشندەی بەركەوت كاتێك یەكێتیی تۆپی پێی ئیتاڵی بڕیاریدا ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەكە بۆ ماوەی 10 مانگ لە كاركردن رابگرێت بەهۆی تێوەگلانی لە سكانداڵی كالچیۆ سكۆمێسی.
ڤیداڵ كە لە یارییەكەی ناپۆلیدا گۆڵێكی تۆمار كرد گوتی زۆر دڵخۆشم بەو بردنەوەیە، پێم وایە ئەوە سەرەتای رێگەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی ئەمساڵدا 3 نازناوی گەورە بەدەست بێنین.
