راهێنەری یۆڤنتۆس دەستلەكاردەكێشێتەوە

راهێنەری یۆڤنتۆس دەستلەكاردەكێشێتەوە
رۆژنامەی لاگازیتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشكرای كردووە كە ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی یۆڤنتۆسی ئیتاڵی خۆی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی ئامادە دەكات، ئەگەر سزای راگرتنی 15 مانگی بەسەردا جێبەجێ بكرێت.
كۆنتی كە وەرزی رابردوو پێشەوایەتی یۆڤنتۆسی كرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵی، بە تۆمەتی شاردنەوەی زانیاری لە سكانداڵی كالچیۆ كۆمێسی تۆمەتباركراوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە داوای راگرتنی ئەو راهێنەرە دەكات بۆ ماوەی 15 مانگ.
تۆمەتەكەی سەر كۆنتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە راهێنەری یانەی سیێنا بووە.
ئەو راهێنەرە ئاشكرای كردووە كە پێشبینی ناكات سزاكەی لە 10 مانگ كەمتر بێت و ئەوەش كێشەیەكی زۆر بۆ یانەی یۆڤنتۆس ئامادە دەكات كە دەیەوێ بەرگری لە نازناوەكەی وەرزی رابردووی بكات و جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردن لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
رۆژنامەكە دەڵێ كۆنتی بەرپرسانی یۆڤنتۆسی ئاگادار كردووەتەوە كە ئەگەر سزاكەی بەسەردا جێبەجێ بكرێت ناچارە دەست لە مەشقدانی یانەی یۆڤنتۆس هەڵبگرێت.
Top