خێراترین پیاوی جیهان دەیەوێ ببێتە یاریزانی مانچستەر یونایتد

خێراترین پیاوی جیهان دەیەوێ ببێتە یاریزانی مانچستەر یونایتد
یوساین بۆڵتی جامایكی كە خێراترین پیاوی جیهانە و 100 مەتر بە ماوەی 9.63 چركە دەبڕێت وەك ئەوەی لە ئۆڵۆمپیادی لەندەن 2012 كردی، ویستی خۆی بۆ یاریكردن وەك یاریزانی تۆپی پێ دووپاتكردەوە.
بۆڵت لە دوای بەدەستهێنانی ملوانكەی زێڕی راكردنی 100 مەتر لە ئۆڵۆمپیادی لەندەن لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی سەنی بەریتانی گوتی "لەوانەیە خەڵك پێیان وابێت من بە گاڵتەوە ئەو قسەیە دەكەم، بەڵام ئەگەر فێرگسۆنی راهێنەری مانچستەر یونایتد تەلەفۆنم بۆ بكات و پێم بڵێ وەرە خۆت تاقی بكەرەوە، بێگومان دەستبەجێ بەدەنگ داواكارییەكەیەوە دەچم".
هەروەها گوتی ئەگەر لە خۆمم رانەبینیایە ئەو داوایەم نەدەكرد، من یاریزانێكی زۆر باشی تۆپی پێم و بڕوام بەخۆم هەیە كە دەتوانم لە یارییەكاندا جیاوازی دروست بكەم.
هەروەها گوتی جیا لەوەی دەبمە خێراترین یاریزانی تیپەكە، بە باشیش یاری دەكەم.
بۆڵت دووپاتی كردەوە كە ئەو جارێ لە لەندەن دەمێنێتەوە و چاوەڕێی تەلەفۆنی سێر دەكات بۆ ئەوەی خۆی لە بواری تۆپی پێدا تاقی بكاتەوە.
Top