دوای لەدەستچوونی لۆكاس مۆرا، ئینتەر چاوی لە رۆبن و شۆرلە و رامیرێزە
رۆژنامەی لاگازیتا دیلۆسپۆرتی ئیتاڵی ئاشكرای كردووە كە ئەندریا ستراماچۆنی راهێنەری یانە ئیتاڵییەكە ویستی هەیە بۆ كڕینی ئاریان رۆبنی یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.
ویستی ستراماچۆنی بەر دیواری ویستی نوێكردنەوەی گرێبەستی رۆبن لەگەڵ بایرن میونشن دەكەوێت، ئەمە جیا لەوەی بەرپرسانی یانەكەی ترسی زۆریان لە پێكرانی بەردەوامی ئەو یاریزانە هەیە.
بەپێی رۆژنامەكە ئەندرێ شۆرلەی یاریزانی بایەر لیڤەركوزنی ئەڵمانی بژاردەیەكی باشە بە تایبەت كە ئەو دەتوانێ لە لاباڵ و هێرشبەریش یاری بكات و تێچووی كڕینی زۆر نییە.
رۆژنامەكە هەروەها ئاشكرای كردووە كە ئینتەرمیلان دەتوانێ جاستۆن رامیرێزی یاریزانی یانەی پۆلۆنیاش بكڕێت ئەگەر بیەوێت، ئەو بۆ یانەكە گونجاوترە چونكە لە خولی ئیتاڵی یاریدەكات.
یانەی پۆلۆنیا داوای 20 ملیۆن یۆرۆ دەكات بۆ دەستهەڵگرتن لە رامیرێزی تەمەن 21 ساڵ.
