دی ماتیۆ چاوەڕێی زیاترە لە یاریزانەكانی

دی ماتیۆ چاوەڕێی زیاترە لە یاریزانەكانی
دوای دۆڕاندنی دوایەمین سێ یاری ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ، كە دوایەمینیان دۆڕانی لەناكاو بوو بەرامبەر یانەی بریتۆن 3-1، رۆبەۆتۆ دی ماتیۆی راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی كەوتە بەردەم هێرشێكی زۆر و خۆشی ئاشكرای كرد كە پێكهاتەكەی بەهۆی بەشدارینەكردنی ژمارەیەك یاریزانەوە كێشەی هەیە.
چێڵسی لە خزمەتەكانی هەریەك لە دانێل ستۆریج و خوان ماتا و ئۆسكار بەهۆی بەشداریكردنیان لە یاری هەڵبژاردەكانیان لە ئۆڵۆمپیادی لەندەن بێبەشە.
یانەكە هێشتا خزمەتەكانی هەریەك لە جۆن تێری و ئاشلی كۆلیشی بەدەست نەهێناوەتەوە بەهۆی بەشداریكردنیان لە یۆرۆی 2012.
ئەو كێشانە نەبوونەتە بیانوویەكی رەوا بۆ دی ماتیۆ كە یانەكەی دووچاری دۆڕانێكی چاوەڕێنەكراو هات بەرامبەر یانەی بریتۆن، بە تایبەت كە فرناندۆ تۆرێس و ئیدین هازارد بەشدارییان لە یارییەكەدا كرد.
دی ماتیۆ لە لێدوانی بۆ ماڵپەری چێڵسی گوتی چاوەڕێی ئاستێكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا لە یاریزانەكانم دەكەم، كاتێك هەموو یاریزانەكان دەگەڕێنەوە، كار بۆ نەهێشتنی كەموكورتییەكان دەكەین.
راهێنەرە ئیتاڵییەكە گوتی پێم وایە یاریزانەكان دەتوانن باشتر و خێراتر یاری بكەن، ئەوەی شەمەی رابردوو بەرامبەر بریتۆن پێشكەشمان كرد كارەسات بوو نەك شتێكی تر.
Top