مۆرینۆ: ئێمە بۆ وەرزێكی قورس ئامادەین

مۆرینۆ: ئێمە بۆ وەرزێكی قورس ئامادەین
جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رەزامەندی تەواوی خۆی لە ئاستی یاریزانانی تیپەكەی پێشاندا لە ماوەی ئامادەسازیی هاوینەدا و لە كاتی خۆئامادەكردنی یانەكە لە ئەمەریكا بۆ وەرزی نوێ.
لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی فۆكسی ئەمەریكیدا راهێنەرە پورتوگالییەكە گوتی "دڵنیاتان دەكەمەوە ئێمە بە باشترین شێوە خۆمان بۆ وەرزی نوێ ئامادە كردووە، كە بێگومان وەرزێكی ئاسان نابێت، ئێمە لە دوا قۆناخەكانی دەستنیشانكردنی باشترین پێكهاتەی تیپەكەداین".
راهێنەرەكەی ریال گوتی ژمارەیەكی بەرچاوی یاریزانی باشمان هەیە، كە هەندێكیان لە لیستی باشترینەكانی جیهاندان، من سەرم سوڕماوە لە ویست و حەز و گوڕی ئەوان بۆ بردنەوەی نازناوەكان لە وەرزی نوێدا، ئەوان بە رای من لە ویستی بەدەستهێنانی نازناوەكاندا 10 لە 10 دەهێنن.
هەروەها گوتی دەزانم هاندەرانی یانەكە تینووی بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپان، بەڵام ئێمە دەبێ نازناوەكانی تریش ببەینەوە، بۆیە ویستی زۆرمان بۆ بردنەوەی هەموو نازناوەكان هەیە.
Top