ئینتەر میلان ئەكادیمیای تۆپی پێ لە هەولێر دەكـــــــــــــــــــــــاتەوە

ئینتەر میلان ئەكادیمیای تۆپی پێ لە هەولێر دەكـــــــــــــــــــــــاتەوە
سەفین كانەبی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە میلانۆ گوتی: «ڕۆژی دووشەممە لە بارەگای ئەكادیمیای یانەی ئینتەر میلان ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ یانەی ئینەر ئیمزا كرد بە مەبەستی كردنەوەی ئەكادیمیای تۆپی پێی یانەكە لە هەولێر، كە ئامانج تێیدا پێگەیاندنی یاریزانی كوردە بۆ داهاتووی تۆپی پێی كوردستان».
هەروەها گوتوویەتی: «بە پێی ڕێككەوتنەكە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەكادیمیای ئینتەر تەواوی پێداویستییەكانی ئەكادیمیاكە لە كوردستان بە نووسراوێك ئاراستەی ئێمە دەكەن و ئێمەش هەوڵ دەدەین بەهاوكاریی حكومەتی كوردستان دابینی بكەین و لە ئاییندەیەكی نزیكدا هەوڵ دەدەین ئەكادیمیای ئینتەر لە هەولێر بكەینەوە.
كانەبی بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر ئاشكرا بكات، ئاماژەی بەوە دا كردنەوەی ئەكادیمیای ئینتەر میلان لە كوردستان هەنگاوێكی زۆر گرنگ و كردەییە بۆ پێشخستنی تۆپی پێی كوردستان و پێگەیاندنی یاریزانی كورد.
سەفین كانەبی گوتی: سوپاسی یاریزانی پێشووی یانەی ئارارات (سەروان لوقمان بارزانی) دەكەین كە توانی ئەو پێوەندییە بۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان دروست بكات و كردنەوەی ئەو ئەكادیمیایەی لێ بەرهەم هات.
جێی باسە هەفتەی پێشوو بەڕێوەبەری تەكنیكی لە ئەكادیمیای ئینتەر میلان ماركۆ ئەنجیلۆ مۆنتی سەردانێكی دوو ڕۆژەی بۆ هەولێر كرد بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ كردنەوەی ئەكادیمیای ئینتەر لە هەولێر.
لەلای خۆیەوە و یبسایتی فەرمیی یانەی ئینتەر میلانیش هەواڵی ئەنجامدانی ئەو گرێبەستەی بە گرنگییەوە بڵاو كردۆتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوان لەڕێی ئەو ئەكادیمیایەوە دەرگایەكی گەورەیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ كراوەتەوە و لەمەولا ئینتەر میلان پێگەی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەكات.
هەروەها باسی ئەوەیان كردووە كە وەكو یەكەم یانەی ئەوروپا لە كوردستان و عێراقدا ئەكادیمیا دەكەنەوە و هەنگاوێكی گرنگە.
لەلای خۆیەوە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئینتەر میلان inter channel گوتوویەتی: دەمەوێ سوپاسی یانەی ئینتەر میلان و ئەكادیمیاكەی بكەم كە هەنگاوێكی گرنگ لە كوردستان دەهاوێژن بە كردنەوەی ئەكادیمیا، ئێمە شانازی بەو كارە دەكەین و دڵنیاین لە كوردستاندا سەركەوتوو دەبێت».
سەفین كانەبی هەروەها گوتوویەتی: گەنجانی ئێمە زۆر حەزیان لە تۆپی پێیە، بەڵام بە تەنیا حەز بەس نییە، بەڵكو ئەكادیمیای ئینتەرمیلان یارمەتی گەنجانی ئێمە دەدات بە شێوەیەكی زانستی لە بواری تۆپی پێدا پێشكەون.
Top